هەرێم نیوز
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، لە دوێنێوە ئارامی بەسەر بەرەکانی شەڕ لە لادێکانی مەنبەج و پردی قەرەقۆزاك و بەنداوی تشرین زاڵ بوە شەڕ وەستاوە، ئەوەش دوای 24 ڕۆژ لە پێكدادانی توند لە نێوان هەسەدە و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا.
ئاماژەی بەوەش کردووە، شەڕ و پێكدادانەكان توندوتیژبون و هەردولا فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و چەكی قورسیان بەكارهێناوە، فڕۆكەی جەنگی توركیاش هاوكاری گروپە چەكدارەكان بوە، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەك لە پێگەی هێزەكان ڕوینەداوە و هیچ ناوچەیەكی نوێ كۆنتڕۆڵ نەكراوە، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاك.
بەگوێرەی ئامارێکی ڕوانگەی سووری، لە سەرەتای شەڕو پێكدادانەكانەوە تا ئێستا 280 كەس لە هەردولا گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش 199 چەكداری گروپەكانی هاووپەیمانی توركیا كوژراون، 56 شەڕڤانی هەسەدە و پێكهاتە سەربازییەكانی دیكەی لە ئەنجامی هێرشی زەمینی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونەتە قوربانی ، هەروەها 25 هاوڵاتی مەدەنیش گیانیان لەدەستداوە کە پێنج ژن و دو منداڵی تێدایە.