دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

لە ئاڵۆزی ناوچەکەدا نێچیرڤان بارزانی سەرکردایەتی ئارامی کوردستان دەکات

هەرێم نیوز

پێدەچێت ئەو ترسەی لەسەر جەنگی سێیەمی جیهانیی هەبوو لەخۆڕا نەبووبێت، جیهان لە ئێستادا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت بووەتە مەیدانی جەنگ، بەڵام لەم نێوەندەدا بەهۆی سیاسەتێکی دیپلۆماسی و ورد و زیرەکانەوە، هەرێمی کوردستان دوورە لە پریشکی ئەو جەنگانە و کەسایەتییەکی سەرەکیش لە پشتی ئەم ئاسایشەی هەرێمەوەیە، کە جیهانیان هەمیشە وەک پیاوی یەکەمی متمانەپێکراوی ناوچەکە لێیدەڕوانن، ئەویش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.

بەرهەمی دیپلۆماسی نێچیرڤان بارزانی

ساڵی ڕابردوو ناوچەکە گرژی و ململانێی توندی بەخۆوە بینی، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لەلایەک، ئیسرائیل و حیزبوڵڵاش لەلایەکی دیکەوە، دواتریش ململانێی ناوبەناوی حوسییەکانی یەمەن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، پاشان دۆخەکە زیاتر پەرەی سەند و کار گەشتە ئەوەی گۆڕانکاریی و ململانێکان زیاتر نزیکی هەرێمی کوردستان بوویەوە، دواجار حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا ڕووخا و گۆڕانکاری زیاتر لە ناوچەکە بەڕێوەدەبێت.

لەم نێوەندەدا کە عێراق بەهۆی بوونی سیاسی ناکامڵ و میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران، مەترسی لەسەر خودی عێراقیش دروستبوو، بەڵام تەنیا شوێنێک کە بەسیاسەتێکی حەکیمانەی وردبینەوە ئارام و دوور لە ململانێی ماڵوێرانکەربوو، بریتی بوو لە هەرێمی کوردستان، هەرێمێک کە چەترێکی کۆکەرەوە بوو بۆ سەرجەم لایەن و پێکهاتەکان بەئێستا و ڕابردووشیەوە، بەهەمان شێوە بۆ داهاتووش درێژە بەو سیاسەتە دەدات.

نێچیرڤان بارزانی، هاوتەریب لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تورکیا،ئێران، سوریا، هەروەها لەگەڵ بەغداد و رۆژئاوای کوردستان، بۆ پرس و پێشهاتە نوێکان لەسەر هێڵە لەگەڵ شاندە فەڕەنسی و ئەمریکییەکان و دوور لە چاوی میدیا دەیەوێت ناوچەکە سەقامگیر بێت و کوردانی رۆژئاواش لە چوارچێوەی سوریای نوێ لە دەستووردا مافیان جێگیر بێت.

ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا لە ناکۆکیدان، ئێران و تورکیاش پەیوەندییەکانیان جێگیر نییە، سوریای نوێ بێگومان بە سیاسەتی جیاواز دێتە پێشەوە، ناکۆکییەکان لە هەموو لایەکەوە دەبینرێت، بەڵام ئەوەی توانیویەتی بە دیپلۆماسییەتێکی چەند لایەنەوە بەرە جیاوازەکان کۆبکاتەوە و هاوسەنگی بپارێزێت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.

پیاوی متمانە و ئاشتیپارێز لای وڵاتانی جیهان

سەلمێنەری پێگە و سەنگی نێچیرڤان بارزانی، گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی بووە کە لەلایەن وڵاتانی زلهێزی جیهانەوە بەردەوام بانگهێشتی کۆبوونەوە گرنگ و ئەمنییەکان دەکرا بەتایبەت لە ساڵی ڕابردوودا. هەروەها ئەنقەرە و بەغداد و تارانیش، هەرکاتێک دۆخەکان ڕوویان لە ئاڵۆزی کردبێت، ئەوە نێچیرڤان بارزانی بوو کە بەڕۆشتنی بۆ ئەو پایتەختانە گرژییەکانی بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن دەگۆڕی.

ئەوەی دیپلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی سەرخستووە، سێ سیفەتی گرنگی ناوبراوە لەو بواردەا، ئەوانیش؛ نەرمونیانی بێ لاوازی، بەهێزی بێ توندوتیژی و کاریگەری بێ هەڕەشە بووە. نێچیرڤان بارزانی لە ناوخۆ و دەرەوەشدا بەردەوام وەک کەسایەتییەکی دوور لە توندوتیژی بەڵام کاریگەر دەردەکەوێت و ئەمەش وای کردووە مانەوە و بوونی ناوبراو بۆ پۆستی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەم دۆخە ئاڵۆزەدا گرنگ و پێویست بێت، چونکە هیچ جێگرەوەیەکی نییە.

سیاسەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سوریادا، لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژئاوادا، بۆئەوەی مافی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان پارێزراوبێت، لە کاتێکدا ئەم ڕۆڵەی نێچیرڤان بارزانی کەمتر لە میدیاکاندا باسی لێوە کراوە، ئەو لە ئێستادا بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی کورد لە ڕۆژئاڤا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی لە پەیوەندیدایە و کار لەسەر ئەوە دەکات دەسکەوتەکانی کورد بپارێزێت و پشتگیری و پشتیوانی توندی کورد لەو پارچەیەی کوردستان دەکات.

نێچیرڤان بارزانی بۆ دۆخی ناوخۆی هەرێمیش بەهەمان شێوە وەک لە ڕاگەیەندراوی ئەم دواییەیدا ئاماژەی بۆ کردووە، داوای لە لایەنە ناوخۆییەکان کردووە بە دیدگایەکی نیشتیمانییەوە ململانێکانی نێوانیان وەلابنێن و دانیشتن و گفتوگۆکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستپێبکەن، بەو پێیەی ئاگادارە لەوەی بوونی حکومەتێک بە پاڵنەرێکی نیشتیمانییەوە گرنگ و بەبایەخە بۆ دۆخی ئێستای ناوچەکە، بەتایبەت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP