هەرێم نیوز
ناڕێکی کەمبوونەوەی سەرنج/چالاکی زیادە- زۆرکات لە زمانی کوردییدا دەستەواژەی فرەجووڵەیی بۆ بەکاردێت (ADHD): ناساندن، هۆکارەکان، نیشانەکان و چارەسەرییە زانستییەکان.
Attention Deficit Hyperactivity Disorder
ناڕێکی کەمبوونەوەی سەرنج/چالاکی زیادە (ADHD) نەخۆشییەکی دەروونییە کە کاریگەری لەسەر منداڵان و گەورەکان هەیە. ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر سەرنجدان، کۆنترۆڵکردنی هەڵسوکەوت و چالاکی هەیە,ئەم نەخۆشییە زۆرجار لە منداڵیدا دەردەکەوێت و دەکرێت تا گەورەیی بەردەوام بێت. بەپێی کۆمەڵەی دەروونناسی ئەمریکی (APA)، نزیکەی 5% ی منداڵان و 2.5% ی گەورەکان ADHD-یان هەیە.
هۆکارەکانی بە شێوەیەکی گشتی: توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە چەندین فاکتەر ڕۆڵ دەبینن لە دروستبوون و پەرەسەندنی ADHD:
ژێنەتیك(جینەتیك- بۆماوەیی) ADHD بە توندی بۆماوەییە. توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە نزیکەی 75% ی حاڵەتەکان پەیوەندییان بە فاکتەرە ژێنەتیکییەکانەوە هەیە.
Neurobiology
بایۆلۆژی(بایەلۆجی)ی مێشک: کەسانی تووشبوو بە ADHD جیاوازییان هەیە لە ناهاوسەنگی کارکردنی نێڕۆ ترانسمیتەرەکان لە چەند ناوچەیەکی مێشکدا، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە پەیوەندییان بە کۆنترۆڵکردن و سەرنجەوە هەیە.
فاکتەرە ژینگەییەکان: هەندێک فاکتەری ژینگەیی وەک پێشوەختە لەدایکبوون، کێشی کەمی کاتی لەدایکبوون، یان بەرکەوتنی ماددە ژەهراوییەکان پێش لەدایکبوون(بە دایکەکە)
دەکرێت مەترسی ADHD زیاد بکەن,وەک پیسبوونی ژینگە.
کێشەکانی دووگیانی و لەدایکبوون: کێشەکانی وەک بەکارهێنانی ئەلکهول یان جگەرە لە کاتی دووگیانیدا، یان گرفتەکانی کاتی لەدایکبوون دەکرێت مەترسی ADHD زیاد بکەن.
نیشانەکان: نیشانەکانی ADHD دەکرێت بە سێ دەستەی سەرەکیدا دابەش بکرێن:
کەمبوونەوەی سەرنج: زەحمەتی لە چڕبوونەوە لەسەر وردەکارییەکان، بێ سەرنجی زۆر، وا دەردەکەوێت گوێ نەگرێت کاتێک ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ دەکرێت، زەحمەتی لە ڕێکخستن و تەواوکردنی ئەرکەکان.
چالاکی زیادە: زۆر جووڵە و ناتوانێت دانیشێت، هەستکردن بە بێ ئۆقرەیی، زەحمەتی لە یاریکردن بە بێدەنگی، قسەکردنی زۆر.
زۆرپەلەکردن: بڕیاردانی خێرا بەبێ بیرکردنەوە، زەحمەتی لە چاوەڕوانیکردن، وەڵامدانەوە پێش ئەوەی پرسیارەکە تەواو ببێت، زەحمەتی لە چاوەڕوانکردن بۆ نۆرە، بڕینی قسەی کەسانی تر یان دەستێوەردان.
دیاریکردن ئەم نەخۆشییە:
دیاریکردنی ADHD پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی تەواوی دەروونی هەیە. پسپۆڕان چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسەکە و خێزانەکەی دەکەن، هەروەها فۆڕمی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی دەروونی بەکاردەهێنن. بەپێی پێوەرەکانی DSM-5، نیشانەکان دەبێت بۆ ماوەی لانیکەم 6 مانگ بەردەوام بن و لە دوو شوێن یان زیاتردا (وەک ماڵەوە و قوتابخانە) دەربکەون.
چارەسەرییەکان: چارەسەری ADHD بەگشتی پێکهاتووە لە دەرمان و ڕێکارەکانی تری چارەسەری دەروونی بەیەکەوە:
دەرمانی دەروونی لەلایەن پزیشکی دەروونی. (من لەم جۆرە وتارانەدا کە بڵاوی دەکەمەوە ناوی دەرمانەکان دانانێم کە لە سەرچاوەکان ئاماژەی پێدەدڕێت و باسکراوە بەڵام من لایاندەدەم بۆ ئەوەی کەس تووشی هەڵەی زانستی نەبێت، چونکە بەشێك لە تاکەکان هەن لە باشووری کوردستان پەنا دەبنە بەر بەکارهێنای دەرمان بێ ئەوەی پرس بە پزیشکی پسپۆر لەم بوارە بکەن، زۆر بەداخەوە! ).
چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT): یارمەتی تاکەکان دەدات بۆ ناسینەوە و گۆڕینی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتە نەرێنییەکان
ڕاهێنانی دایک و باوک: فێرکردنی دایک و باوکان بۆ باشتر مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵسوکەوتی منداڵەکانیان
ڕاهێنانی تواناکانی تاك: یارمەتیدانی کەسەکان بۆ پەرەپێدانی ستراتیژییەکانی ڕێکخستن و کاتبەندی.
ڕێکخستنی ژینگە:
دروستکردنی ژینگەیەکی ڕێکخراو و پێشبینیکراو.
بەکارهێنانی سیستەمی پاداشت بۆ هاندانی هەڵسوکەوتی ئەرێنی.
دابەشکردنی ئەرکە گەورەکان بۆ بەشی بچووکتر.
دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو لە ماڵ و قوتابخانە.
نەخۆشییەکی ئاڵۆزە کە کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا هەیە. لەگەڵ دیاریکردنی دروست و چارەسەری گونجاو، زۆربەی کەسانی تووشبوو بە ADHD دەتوانن ژیانێکی بەرهەمدار و ئاسایی بەڕێوە ببەن. توێژینەوەی بەردەوام لە نەخۆشی ADHD یارمەتیمان دەدات باشتر لەم نەخۆشییە تێبگەین و چارەسەری کاریگەرتر پەرەپێبدەین.
ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)، نووسەر و پسپۆڕی دەروونی.
ئەم وتارە بە پشت بەستن بەم سەرچاوانەوە نووسراوە:
1-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/33549739/
2-https://www.nimh.nih.gov/health/topics/attention-deficit-hyperactivity-disorder-adhd#:~:text=What%20is%20ADHD%3F,interferes%20with%20functioning%20or%20development.
3-https://psycnet.apa.org/record/2014-57877-000
4-https://www.thelancet.com/journals/lanpsy/article/PIIS2215-0366(18)30269-4/fulltext