هەرێم نیوز
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ هەینی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جێفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە پێگەیشت و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان تاووتوێ کرد.
لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، چونکە وەستانی، زیانێکی زۆری لە بودجەی گشتیی عێراق داوە.
هەروەها جەختیان لە پێویستیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور و ڕۆڵی گرنگی هەرێم لە برەودان بە سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە و گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.