هەرێم نیوز
وتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا رایگەیاند، وڵاتەکە هیچ پلانێکى نییە بنکەى سەربازیی لەنزیک کۆبانێ دروست بکات و جەختیش دەکاتەوە کە پشتگیریی کۆتاییهاتنى گرژییەکان دەکەن لە رۆژئاواى کوردستان.
سابرینا سینگ، وتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا (پنتاگۆن) لەبارەى دەنگۆى بنیاتنانى بنکەى سەربازیی وڵاتەکەى لە کۆبانێ بە رۆژنامەنوسانى وت: هەندێک راپۆرتمان لەوبارەیەوە بینیوە و پرسیارمان ئاڕاستە کراوە، بەڵام هیچ پلانێکمان نییە بنکەى سەربازیی لەو ناوچەیە بکەینەوە و دڵنیا نین سەرچاوەى ئەم دەنگۆیانە کێیە.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوەکە بەدڵنیاییەوە پشتگیریی کۆتاییهاتنى گرژییەکان و دەستدرێژییەکانى هێزە چەکدارەکان دەکەن لە رۆژئاواى کوردستان دژى هێزەکانى سوریاى دیموکرات.
جەختیکردوەتەوە کە بەردەوام دەبن لە ئامانجەکانیان لە سوریا کە ئەویش لەناوبردنى تەواوەتیی داعش-ە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی ، بە بڵاوکردنەوەى چەند گرتە ڤیدیۆییەک؛ ئاماژە بۆ ئەوەکرا کە ئەمەریکا و هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوأەتیی بنکەى سەربازیی لە سوریا و نزیک لە کۆبانێ بنیات دەنێن.