دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

بەرپرسێکی پێشووی سوریا باسی دوایین ڕۆژەکانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەکات

هەرێم نیوز

بەرپرسی پێشووی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی سووریا لە چاوپێکەوتنێکدا چەند نهێنییەکی سەبارەت بە دوایین ڕۆژەکانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ئاشكرا کرد و دەڵێت، "ڕووسیا ڕەتیکردووە هاوکاری بەشار ئەسەد بکات".

کامیل سەقر، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی سووریا لە پۆدکاستێکدا لەگەڵ کەناڵی 'ئەلعەرەبییە' ڕایگەیاند، لە دوای کەوتنی حەلەب ڕووسیا هیچ وەڵامێکی بۆ داواکارییەکانی بەشار ئەسەد نەبوو سەبارەت بە بەکارهێنانی بنکەی حەمیمیم بۆ گواستنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران بۆ سوپای سووریا. 

دەشڵێت “ئێرانییەکان بە بەشار ئەسەدیان ڕاگەیاند، کە هیچ دڵنیاییەکیان وەرنەگرتووە، کە دەتوانن فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ حمێمیم بجووڵێنن و ئاسمانی عێراق و سووریا ببڕن.

ئاماژەی بەوەش كردووە، کاتێک لە مۆسکۆ پرسیار دەربارەی ئەو دڵنیاییانە کراوە، وەڵامی داواکاریی ئەسەد نەدراوەتەوە.

 سەبارەت بە ڕێگەدان بە نیشتنەوەی فڕۆکە ئێرانییەکان لە بنکەی حمێمیم، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی ڕاگەیاندن لە سەرۆکایەتیی سووریا جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی، "ئێران دڵنیایی تەواوی نەبوو بۆ ڕەوانەکردنی فڕۆکەی سەربازیی بۆ بنکەی حەمیمیم بۆ هاوکاری سوپای سووریا بە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق، سووریاش لەمە ئاگادار کرابوویەوە، هاوکات ئەمریکییەکانیش هەڕەشەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانیان کردبوو، بەو هۆیەوە فڕۆکەکە ناچار بوو بگەڕێتەوە ئێران". 

سەقەڕ ئەوەشی ئاشكرا كردووە، كە لایەنی عێراقی لە 6ی كانوونی یەكەم بە سوورییەکانی ڕاگەیاندووە، کە تورکیا ئێستا هەر دیالۆگێک لەگەڵ ئەسەد ڕەتدەکاتەوە.

"بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەلێکساندەر لافرێنتیێف، نێردراوی سەرۆکی ڕووسیا بۆ سووریا، هەوڵی دا ئەسەد قایل بکات لەگەڵ ئەردۆغان دابنیشێ، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە. هەروەها ئەسەد ڕەتی کردەوە کۆبوونەوەیەک لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریادا بكرێت. ئەو تەنیا پابەند بوو بە دیدارەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمنیی هەردوو وڵات.

سەقەڕ جەختی کردەوە، کە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی ڕووسیا لەلایەن ئەسەدەوە بۆ دانیشتن لەگەڵ ئەردۆغان، لایەنی ڕووسی دڵخۆش نەکردووە.

سەبارەت بە دۆخی دامەزراوە سەربازییەکان لەو کاتەدا سەقر دەڵێت: بارودۆخی دامەزراوە سەربازییەکان لە سووریا خراپ بووە،  سوپا توانای شەڕکردنی نەبووە، هاوکات دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە بەرەو خراپتر دەچوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP