هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا و شاندی یاوەری گەیشتنە ئیمارات، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێشهاتەکانی سووریا و قۆناغی ڕاگوزەر و پەیوەندییەکانی ئیمارات و سووریا تاوتوێ بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2025، تەلەفزیۆنی سووریا بڵاوی کردەوە کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا، لەگەڵ وەزیری بەرگریی مەرهەف ئەبو قەسرا و سەرۆکی هەواڵگریی، ئەنەس خەتاب، گەیشتە ئیمارات.
بڕیارە وەزیری دەرەوەی سووریا و شاندەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێشهاتەکانی سووریا و قۆناغی ڕاگوزەر و پەیوەندییەکانی ئیمارات و سووریا تاوتوێ بکەن.
هەروەها بڕیاریشە شاندەکەی سووریا دواتر، بچنە ئوردن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ ببنەوە.
یەکشەممە، 5ـی 1ی 2025، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا لەگەڵ شاندەکەی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە دەوحە.
پێشتر ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندبوو "بە نوێنەرایەتیی وڵاتەکەم، لەم هەفتەیەدا سەردانی فەرمیی هەریەک لە قەتەر، ئیمارات و ئوردن دەکەم، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە پشتگیریی لە سەقامگیری، ئاسایش، بوژانەوەی ئابووری و بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێز دەکەین.