هەرێم نیوز
لە ساڵی ڕابردوودا لە سەنتەری شاری هەولێر، واتە تەنیا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێردا جگە لە قەزا و ناحیەكانی سەر بە پارێزگەی هەولێر، بە گوژمەی (73،875،602،520)دینار، 121 پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێكراون و زیاتر لە 146 هەزار دار و گوڵیش چاندراون.
بەپێی ڕاپۆرتێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كە بۆ ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نێردراوە، لە ساڵی 2024دا، لەسەر بودجەی 100% و 15%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، وەبەرهێنان، دارایی، داهات و پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانی، بە گوژمەی (73،875،602،520)دینار، 121 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شاری هەولێر جێبەجێكراون و كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەشێكیان تەواوكراون و كاركردنیش لە ژمارەیەكیان بەردەوامە.
سەبارەت بە بڕی قیری بەرهەمهاتوو لەلایەن كارگەی ئەسفەلتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە، (15271) تۆن بەرهەمهاتووە و لە چاككردنەوەی چاڵ و شكستی شەقامەكان بەكارهاتووە.
سەبارەت بە گرێبەستەكانیش، (1682) گرێبەست كراون و جۆری گرێبەستەكانیش بریتین لە دوكان، گەراج، كۆگا، بەڵێندەرایەتی، ماركێت، سەموونخانە، پێشانگەی ئۆتۆمبێل و چەند جۆرێكی دیكەی گرێبەست.
هەروەها كۆی گشتیی گوژمەی كۆكردنەوە و چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك لە سەنتەری شاری هەولێر (18،561،048،000)دینار.
سەبارەت بە چاندنی دار و گوڵ، لە ساڵی ڕابردوودا، لە سنووری شاری هەولێر، لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێری سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر (91831) دار و (54859)گوڵ چاندراون و ڕێژەی سەوزاییش بۆ (20،15%) بەرزبووەتەوە.
پرۆژەكان بەپێی بودجەی تەرخانكراو دابەشكراون كە لە كۆی پرۆژەكاندا، 64 پرۆژەیان لەسەر ڕێژەی 100% و 15%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێكراون. هەروەها لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێریش 35 پرۆژە جێبەجێكراون، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار 4 پرۆژە جێبەجێكراون، لەسەر بودجەی دارایی 1 پرۆژە جێبەجێكراوە، لەسەر داهات و پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر 17 پرۆژە جێبەجێكراون.