هەرێم نیوز
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى ڕایگەیاند، "مووچەى مانگى 12ـى 2024 پاشەکەوت دەکرێت".
شۆخان عومەر، بەڕێوەبەرى بانکى مەڵکەندى لە سلێمانى لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستانەوە داوامان لێکراوە لەماوەى دوو رۆژى داهاتوودا لیستى مووچەى مانگى 1ـى 2025 ئامادە بکەین و لەو ماوەیەدا بۆیان رەوانە بکەین".
باسی لەوەشکرد: "ئامادەکردنى لیستى مووچە هاوشێوەى پێشتر دەبێت، بەڵام کۆدى بایۆمەترى و 'یو پى ئێن'ـى سەرجەم مووچەخۆرانیش داغڵ دەکرێت لە لیستى مووچەدا لەگەڵ کۆى خەرجیی مووچەکانیان".
هاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان راگەیاند، "مووچەى مانگى 12ـى 2024 پاشەکەوت دەکرێت".
هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستەڕوو: "73 ملیار دینار پارە ماوەتەوە لە تەمویلى مووچەى مانگەکانى 11 و 12ـى ساڵى رابردوو، بۆیە بەفەرمى بە گەنجینەکان راگەیەندراوە لیستى مووچەى مانگى کانوونى دووەمى 2025 ئامادە بکەن".