هەرێم نیوز
ئابووری سوریا بەهۆی زیاتر لە دەیەیەک شەڕی ناوخۆوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و سزاکانیش زیانێکی گەورەیان پێگەیاندووە لە سیستمی دارایی جیهاندا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بەپێی داتا فەرمییەکانی سوریا کە بانکی جیهانی لە بەهاری ساڵی 2024 ئاماژەی پێداوە ، ئابووری سوریا لە نێوان ساڵانی 2010 و 2021 زیاتر لە نیوە دابەزیوە. هەرچەندە بانکەکە دەڵێت ئەمە لەوانەیە کەمتری خەمڵاندبێت. ئەژمارەکانی دەریدەخات کە لەنێوان ساڵانی نێوان 2010 ەوە بۆ ساڵی 2023 دا لە سەدا 84 دابەزیوە.
لە ساڵی 2018 دا بانکی جیهان جارێکی دیکە پۆڵێنی سوریای کردەوە وەکو وڵاتێکی کەم داهات. زیاتر لە سەدا 90 ی 23 ملیۆن دانیشتووەکەی سوریا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ئەمەش بەپێی دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بانکی جیهان دەڵێت ئابووری سوریا لە ساڵی 2022 دا 23.63 ملیار دۆلار بووە، کە هاوشێوەی ئەلبانیا و ئەرمینیایە، کە ئەو دوو وڵاتە کەمتر لە 3 ملیۆن دانیشتوویان هەیە.
قەیرانی ئابووری سوریا لە ساڵی 2019 دا خراپتر بوو کاتێک لوبنانی دراوسێی کە پەیوەندییەکی ئابووری و دارایی فراوانی لەگەڵدا هەیە، تووشی قەیران بوو. دواتر سوریا نرخی ئاڵوگۆڕی زۆری بۆ مامەڵەی جیاواز دانا بۆ پاراستنی دەستگەیشتن بە دراوی دەگمەن.
دوای ئەوە دەسەڵاتدارە نوێیەکان کۆنتڕۆڵی سوریایان کرد، بانکی ناوەندی سوریا بەڵێنیدا نرخی ئاڵوگۆڕی یەکگرتوویی فەڕمی پەیڕەو بکات.
محەمەد بەشیر سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەر وتی یەەدەگی دراو زۆر کەمە. سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار لە گەنجینەکانی بانکی ناوەندی ماوە لەگەڵ 26 تەن زێڕ کە بەهای 2.2 ملیار دۆلارە بە نرخی ئێستای بازاڕ.
وڵاتانی ڕۆژئاواش سەدان ملیۆن دۆلاریییان لە سەرمایەکانی سوریا سڕکردووە، لە دوای ئەوەی شەڕی ناوخۆی سوریا دەستیپێکرد.
سەرەڕای سزاکانی سەر بانکی ناوەند، حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ڕێگەیانداوە بە سوریا سەرمایە سڕکراوەکانی بەکاربهێنێت بۆ مەبەستی مرۆیی، لەوانەش بۆ پەیداکردنی دەرمان و خۆراک.
حکومەتە نوێیەکەی سوریا دەڵێت پێشبینی دەکات 400 ملیار دۆلار بەهای سەرمایە سڕکراوەکانی سوریا لە دەرەوە وەربگرێتەوە، دەڵێت ئەو سەرمایەیە بەکاردەهێندرێت بۆ چاکسازی و زیادکردنی موچەی کارمەندانی کەرتی گشتی بە ڕێژەی لە سەدا 400.