هەرێم نیوز
ئیبراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)، پسپۆڕی دەروونی.
لە پەیوەندی هاوسەرگیریدا، کەسایەتی سایکۆپات چەندین گرفت و کێشەی جددی دروست دەکات. یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان نەبوونی هەستی هاودەردی و خۆشەویستییە. سایکۆپاتەکان زۆر جار ناتوانن هەست بە ئازار و خۆشی هاوسەرەکانیان بکەن و تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان مامەڵە دەکەن. ئەمەش وادەکات پەیوەندییەکە یەک لایەنە بێت و هاوسەرەکەیان هەست بە تەنیایی و پشتگوێخستن بکات.
هەروەها سایکۆپاتەکان مەیلی درۆکردن و فێڵبازییان هەیە. زۆر جار ناڕاستگۆن لەگەڵ هاوسەرەکانیان و درۆیان پێدەکەن، بەتایبەت لە بابەتە داراییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەم ڕەفتارە متمانە لەناو دەبات و پەیوەندییەکە تووشی قەیران دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی سایکۆپاتەکان توندوتیژن و دەستدرێژی دەکەنە سەر هاوسەرەکانیان - چ لە ڕووی دەروونی یان جەستەییەوە.سایکۆپاتەکان مەیلی کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەراگرتنیان هەیە. ئەوان هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی تەواوی هاوژیانەکەیان بکەن و سنووری ئازادییەکانیان دیاری بکەن. زۆرجار دەستدەدەنە توندوتیژی دەروونی و جەستەیی بۆ بەدەستهێنانی ئەو کۆنترۆڵە.
وە پرسێکی تری گرنگ ئەوەیە کە سایکۆپاتەکان هەستیان بە تاوان و پەشیمانی کەمە یان هەر نییە. کاتێک هەڵە دەکەن یان ئازاری هاوسەرەکەیان دەدەن، زۆر کەم لێبوردن داوا دەکەن یان هەوڵی چاککردنەوەی هەڵەکانیان دەدەن. هەروەها زۆر جار هەوڵی کۆنترۆڵکردنی هاوسەرەکەیان دەدەن و ڕێگە نادەن سەربەخۆ بن.
چەند ڕێگا چارەیەك بۆ باشترکردنی دۆخەکە:
بۆ باشترکردنی پەیوەندی هاوسەرگیری کەسێکی سایکۆپات، چەند ڕێگەچارەیەکی گرنگ هەن کە دەبێت پەیڕەو بکرێن.
سەرەتا، چارەسەری دەروونی بەردەوام زۆر گرنگە. پێویستە کەسی سایکۆپات بەشێوەیەکی ڕێکوپێک سەردانی پسپۆڕی دەروونی بکات و چارەسەری کۆگنەتیڤ-ڕەفتاری (CBT) وەربگرێت. ئەم جۆرە چارەسەرە یارمەتی دەدات لە تێگەیشتن و کۆنترۆڵکردنی هەڵسوکەوتە نەرێنییەکان و باشترکردنی هەستی هاوسۆزی.
هەروەها، فێربوونی تەکنیکەکانی کۆنترۆڵی تووڕەیی و ڕاهێنانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی زۆر گرنگن. ئەمە یارمەتی کەسی سایکۆپات دەدات باشتر لەگەڵ هاوسەرەکەی پەیوەندی دروست بکات و هەستەکانی بەشێوەیەکی دروست دەرببڕێت. پێویستە هەردوو هاوسەر بەشداری لە ڕاوێژکاری هاوسەرگیری بکەن بۆ فێربوونی شێوازی پەیوەندی باشتر و چارەسەرکردنی کێشەکان.
خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە کە هاوسەری کەسی سایکۆپات دەبێت سنوورە ڕوون و دیاریکراوەکان دابنێت و پابەندی بێت پێیانەوە. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر و پێشبینیکراو لە پەیوەندییەکەدا. هەروەها گرنگە کە هەردوولا تێبگەن کە چارەسەر و گۆڕانکاری کات دەخایەنێت و پێویستی بە بەردەوامی و ئارامگرتن هەیە.
هەروەها گرنگە بزانین کە هەموو حاڵەتێکی سایکۆپات جیاوازە و پێویستی بە چارەسەری تایبەت بە خۆی هەیە. بۆیە پێویستە پلانی چارەسەر بەپێی پێداویستی و بارودۆخی تایبەتی هەر کەسێک دابنرێت، لەژێر چاودێری پسپۆڕانی پەیوەندیدار.
بەشێك لە سەرچاوەکان :
١-کۆمەڵەی دەروونناسیی ئەمریکی (American Psychological Association)
٢- پەرتووکی "Without Conscience" نووسینی Robert Hare
٣- توێژینەوەکانی Paul Babiak و Robert Hare لەسەر سایکۆپاتی.
4-Martha Stout (2005). "The Sociopath Next Door"