نیاز نەجمەدین
دنیا بە چەشنێک پڕە لە ناشیرینیی ئەگەر دڵێکی گەورەترت نەبێ لەوەی خودا( یان سروشت) پێی بەخشیویت، بە ئاسانیی بەرگەی ناگری.
نوسین، شانۆ، رۆمان، تەنانەت ئەو کاڵایەش تۆ بەرهەمیدەهێنیت بە شێوەیەک لە شێوەکان بریتییە لە خەیاڵی نوسەرێک، دەرهێنەرێک، رۆماننوسێک و بەرهەمهێنەری بوارێکی دی. بۆ نمونە، لە شانۆیەک کە دادەنیشیت و سەیری شانۆگەرییەک دەکەیت، ئەوەی دەیبینی بە پلەی یەکەم خەیاڵی دەرهێنەرێکە. هەمان شتیش بۆ بوارەکانی تر راستە.
هەندێک ئیش دەبینیت، هێندە ناشیرینە بە خۆت دەڵێی : «خودایە ئەم برادەرە دەبێت چی خۆراکێکی بە خەیاڵی خۆی بەخشیبێت وا ئەم ئیشە هێندە ناشیرین دەرچووە؟ ئەی بۆ وایزانیوە خەیاڵی بەرهەمێکی جوانی پێگەیاندووە و پێویستە بیخاتە بازاڕەوە؟».
بەڵام شانۆگەریی ئێکسۆدوس بە تێکڕا خەیاڵێکی جوانە. هەست دەکەیت دەرهێنەر خزمەتی خەیاڵەکەی خۆی کردووە. خاڵی بەهێزی ئەم شانۆگەرییە میوزکەکەی نیە کە ئەکرا رۆڵێکی باشتری بە میوزسیانەکە بدایە، تێکست و سیناریۆکەش نیە، ئەگەرچی نمایش و نواندن لە ئاستێکی باشدایە، بەڵکو کۆمەڵێک فۆتۆی جوانە وکاتێک دێیتە دەرەوەی هۆڵەکە هەست دەکەیت جوانییەک هاتۆتە ناو لەش و رۆحتەوە و کۆمەڵێک ناشیرینیی راماڵیوە. بە پلەی یەکەم، ئەوانەی جوانیی پێشکەش دەکەن وایان کردووە بەرگەی ناشیرینییەکانی ئەم دنیایە بگرین.
ئەی ئەزانی چەند خۆشە کات و وزەی خەڵک بەفیڕۆ نەبەیت؟
زۆریش پڕچێژە لە تیم و لەگەڵ سەرکردەیەک کار بکەیت خەزێنەی فێربوونت دەوڵەمەند بکات. هەست بە ئامانیش بکەیت لەگەڵیدا. تەسەور ئەکەم کۆی ئەزمونەکە بۆ دەرهێنەر و تیمەکە چەند وانەیەکی بە سود بووبن و هەنگاوی باشتری لەسەر بنێن ئەگەر حەزی ناوبانگ و دەسەڵات و پارە و ئەو شتانە نەبێتە ئامانجی یەکەمیان و لە خشتەیان نەبات.
وایە بۆ ئەوەی شتی کوالتیی پێشکەش بکەین، کۆمەلگە و حکومەت دەبێت هاوکار بن، بەڵام نەبوونی ئەمەش ناکرێ ببێتە پاساو بۆ پێشکەشکردنی یەک دنیا ئیشی ناشیرین.
بەهەرحاڵ، دەستیان خۆش بێت.