هەرێم نیوز
تۆڕی تەلەفزیۆنی «الحرة»ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی درێژخایەندا لە بەغدا، تا کاتژمێر چوار بەیانی گفتوگۆیان کردووە و لەبارەی دۆخی ئەمنی ناوچەی جورف سەخر گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
بەپێی زانیارییەکانی «الحرة» لە سەرچاوەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی، ڕێککەوتنەکە بریتییە لە کشانەوەی کاتی هێزەکانی حیزبوڵای عێراق لە جورف سەخر، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە هەر هەڵمەتێکی ئەمنی و سەربازی کە حکومەتی عێراق لە ناوچەکەدا ئامادەکاری بۆ دەکات.
بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بە هاوبەشی دەچنە ناو جورف سەخرەوە و هێزەکانی حیزبوڵا لە ناوچەکە دەکشێنەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە هەڕەشەی بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوزی بەغدا بە مووشەک و درۆن ئاراستەی عەلی زەیدی کراوە، ئەگەر هێزە ئەمنییەکان بچنە ناو جورف سەخرەوە. سەرچاوەکان دەڵێن ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەم هەڕەشانەیان بە زەیدی ڕاگەیاندووە.
هەروەها، بەپێی ڕاپۆرتەکە، نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا لە ئاگاداری ئەم هەڕەشانەدان و ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا چارەنووسی ڕێککەوتنەکە نادیارە، چونکە ڕۆژی هەینی وەک دواوادەی کشانەوەی هێزەکانی حیزبوڵا لە جورف سەخر دیاری کراوە، بەڵام هێشتا هەڵوێستی فەرمی ئەم گرووپە بەرامبەر ئەم ڕێککەوتنە ئاشکرا نەک