دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لە دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران دەکات؛ باسی هێرشێکی سەربازیی تاکلایەنە دەکرێت

هەرێم نیوز

ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران بووەتە بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاسایشی بچووکی ئیسرائیل لە ڕۆژی یەکشەممەدا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئیسرائیلیی «یدیعوت ئەحرۆنۆت»، ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران لە نێو هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا پێگەیەکی گرنگی هەبووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا لە قۆناغی ئێستادا پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چڕ دژی ئێران ناکات، ئەمەش بووەتە هۆی جیاوازیی بۆچوون لە نێوان واشنتن و تەلئەبیب.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنە یاسایی و ئاڵۆزییەکانی ئەنجامدانی هێرش لە کاتی بوونی حکومەتێکی کاربەڕێکەردا لە ئیسرائیل بە وردی تاوتوێ کراون.

لە کۆبوونەوەکەدا، ڕۆمان گۆڤمان، بەرپرسی باڵای دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، ئامادە بووە. ناوبراو دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا، هەوڵی داوە بەرپرسانی باڵای حکومەتی دۆناڵد ترەمپ قایل بکات بە پێویستیی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە قایلکردنی بەرپرسانی ئەمریکادا سەرکەوتوو نەبووە.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە کە گفتوگۆکانی ئەنجومەنی وەزیران نەچوونەتە ناو وردەکارییەکان یان خشتەی کاتیی دیاریکراو سەبارەت بە پەرەپێدان و بەهێزکردنەوەی تواناکانی ئێران لە بواری سەربازیدا.

بەپێی هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانی پێشکەشکراو بە وەزیرانی ئیسرائیل، ئێران کاری بۆ بنیاتنانەوەی تواناکانی و دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی دەکات. بەرپرسانی ئیسرائیلیش پێیان وایە لە کۆتاییدا پێویست دەبێت هەنگاوی سەربازی بنرێت بۆ ڕاگرتنی ئەم پرۆسەیە، بەڵام لایەنی ئەمریکی هەمان پەلەکردن و پێویستییەکەی ئیسرائیلییەکانی نییە و دوو لایەنەکە لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە قۆناغی ئێستادا ناکۆکن.

ناکۆکیی واشنتن و تەلئەبیب لەسەر دۆسیەی ئێران بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەمریکا لە ئەنجامی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران ڕازییە و پێی وایە ئەم فشارانە دەبنە هۆی داڕمانی ئابووریی ئەو وڵاتە. بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیلی پێیان وایە فشارە ئابوورییەکان بە تەنیا بەس نین بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی ئێران.

لە هەمان کاتدا، ئەمریکا هێزێکی گەورەی سەربازی لە ناوچەکە کۆدەکاتەوە، کە سێ فڕۆکەهەڵگری جەنگی، ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی هێرشبەر و سووتەمەنی‌پێدەر، هەروەها تواناکانی هەواڵگری و دەیان هەزار سەربازی لەخۆ دەگرێت. سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل هێشتا هەڵبژاردەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکادا بە پەسەندتر دەزانێت، بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکییەکان زۆر ئارەزووی چوونە ناو شەڕێکی نوێیان نییە.

ئیسرائیل: توانای هێرشکردن بە تەنیاشمان هەیە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە کە بۆچوونی دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیل، وەک لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا خراوەتە ڕوو، ئەوەیە کە ئیسرائیل توانای ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی تاکلایەنەی دژی ئێران هەیە، بەڵام پێی باشترە ئەم هەنگاوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکادا ئەنجام بدرێت.

ئەو بەرپرسە بەگوێرەی ڕۆژنامەکە وتوویەتی: «ئەمە بەو مانایە نییە کە بەبێ ویستی خۆمان لە شەڕدا دەبینەوە؛ بۆ سوپای ئیسرائیل، دامەزراوەی ئەمنی و حکومەت، هێرشی سەربازی هێشتا تەنها چارەسەری یەکلاکەرەوەی پرسی ئێرانە».

ئەو هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە بابەتەکە پەیوەندیی بە کاتی جووڵەی سەربازییەوە هەیە و ئایا ئیسرائیل بە تەنیا هێرش دەکات یان بە هاوکاریی ئەمریکا، وەک وتوویەتی: «ئێمە نایەوێت بە تەنیا کار بکەین، بەڵکو ئامانجمان هاوکارییە، بەڵام ئیسرائیل لەو وڵاتە بێ‌توانایانە نییە کە بە بێ ئەمریکا نەتوانن هیچ هەنگاوێک بنێن». بەم شێوەیە، ناکۆکیی نێوان واشنتن و تەلئەبیب لەسەر کات و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بەردەوامە؛ لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشی سەربازی بە هەڵبژاردەیەکی کراوە دەبینێت، ئەمریکا زیاتر پشت بە فشارە ئابوورییەکان دەبەستێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP