هەرێم نیوز
⠀
کۆمارییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا پاش شکستە گەورەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا سەرکردەکانی نوێیان بۆ ئەو خولە هەڵبژارد کە تیایدا دیموکراتەکان کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنەکە دەکەن و جیم جۆردەنیش وەک سەرکردەی کەمینەی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریکرا.
⠀
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی 11ـی 2026، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، کە جۆن تون بەبێ ڕکابەر و بە ڕێککەوتنی ئەندامانی کۆمارییەکان بۆ سەرکردایەتیکردنی کەمینە لە ئەنجومەنی پیران هەڵبژێردراوە و لە ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا جیم جۆردەن کە هاوپەیمانێکی سەرسەختی دۆناڵد ترەمپە لە دەنگدانێکی نهێنیدا توانیویەتی شکست بە ستیڤ سکالیس بهێنێت و پۆستی سەرکردەی کەمینە بەدەستبهێنێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە مایک جۆنسن ڕایگەیاندبوو بۆ ئەو پۆستە خۆی کاندید ناکات.
⠀
جۆن تون کە بە کەسایەتییەکی مامناوەند و دروستکەری ڕێککەوتنی نێوان هەردوو پارتەکە ناسراوە وتی، سەرباری لەدەستدانی زۆرینە هێشتا کۆمارییەکان لە پرۆسەی یاساداناندا چالاک دەبن و بەرگری لە ئەولەوییەتە پارێزگارەکان دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەشێک لە لایەنگرانی بزووتنەوەی ماگا بووەتەوە کە پێیان وایە ناوبراو بۆ پێشخستنی سیاسەتەکانی ترەمپ بەتایبەتی لە پرسی کۆچبەران و چاکسازیی یاساکانی هەڵبژاردندا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کار ناکات.
⠀
ئەم گۆڕانکارییانە لە ناوخۆی ئەمریکا و باڵادەستبوونی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسدا لە کاتێکدان، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئاستی دەرەوە سەرقاڵی چەندین قەیرانی گەورەیە و لەلایەک وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی بەردەوامە لە هەڕەشەکانی دژی ئێران، لەلایەکی دیکەشەوە نێردەی ئەمریکا هۆشداریی توندی بە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان داوە بۆ یەکڕیزی و هاوکات بەغدادیش سەرقاڵی نێوەندگیرییە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.