ھەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دەرئەنجامی سەردانەکەی بۆ بەغدا، پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو، دۆخی خزمەتگوزاری و نوێترین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان.
دۆخی دارایی و مافەکانی خەڵکی کوردستان
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ڕایگەیاند: "بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی هەولێر و هەموو شارەکان لە ئاستی کوردستاندا، پێویستییان بەوەیە کە ڕەچاوی دۆخی نالەباری هەرێمی کوردستان بکرێت و ئەو قەیرانە دارایییە دەبێ چارەسەر بکرێت."
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا: "لە بەغدا پێداگریمان کردووە لە دەستەبەركردنی مافە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان تاوەکوو خزمەتگوزاریی پێویست بۆ هاووڵاتییان دابین بکەین."
قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو و ڕێکارە خۆپارێزییەکان
سەبارەت بە لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی هەولێر، سەرۆکی حکوومەت گوتی: "لە خزمەتی خەڵکی خۆمان دەبین و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە لەم چەند ڕۆژەدا یارمەتییەکی یەکجار زۆری خەڵکیان دا؛ داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم هاوکاریی دەزگا پەیوەندیدارەکان بکەن لە پاکڕاگرتنی شار و مەنهۆڵەکان بۆ ئەوەی خوانەخواستە ئەمە نەبێتە بەشێک لە هۆکارەکانی دووبارە هەڵسانی لافاو."
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستە ڕوو که "داوام کردووە هەڵسەنگاندن بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو بکرێت تاوەکو بزانرێ کێ زیانی بەرکەوتووە، و دواتر بێگومان هەوڵی جددی دەدەین بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی کە زیانیان بەرکەوتووە."
دەرگای گفتوگۆ و پێکهاتەی سیاسی
سەرۆکی حکوومەت لەبارەی ڕەوشی سیاسیی ناوخۆیییەوە ڕایگەیاند: "ئێمە دەرگامان کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێک کە بیەوێ و ئامادە بێت؛ ئێستا پەرلەمانێکی کارامان هەیە کە شوێنی گفتوگۆیە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان، داوا دەکەین هەر لایەنێکی سیاسی کە خەمخۆری کوردستان بێت و بیەوێ، بێت گفتوگۆ بکات و دەرگا بۆیان کراوەیە."
گفتوگۆکانی بودجە و نەوت و غاز لەگەڵ بەغدا
سەبارەت بە دۆسیەی بودجە و پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە کە بابەتی بودجە بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت. ئەمەش پەیوەندیدارە بە داهاتەکانی عێراقەوە کە خۆی تا ئاستێکی زۆر تووشی قەیرانێکی ئابووری بووە، بەڵام هەوڵمان داوە مووچە دەستەبەر و مسۆگەر بێت و بەردەوام بێت."
زیاتر گوتی: "ئەو بەڵێنە بە ئێمە دراوە و من پێتان دەڵێم کە بەڵێنیان پێمان داوە، هیوادارین لەسەر بەڵێنی خۆیان بۆ دابینکردن، مسۆگەرکردن و بەردەوامبوونی مووچە بەردەوام بن. لەسەر خاڵەکانی تریش لەبارەی پەیوەندیی نێوان هەردوولا قسەی جددیمان کردووە و هیوادارین بگەینە ئەنجامی زۆر باش، چونکە لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەبووە."
هەڵوێستی ئەمریکا و مافە دەستوورییەکان
مەسرور بارزانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ئاشکرای کرد: "من لەگەڵ لایەنی ئەمریکا و لەگەڵ باڵیۆز تۆم بەراکیش قسەم کردووە؛ ئەوان لەگەڵ ئەوەن کە هەرێمێکی خۆڕاگر و بەهێز هەبێت، کە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری و پێشخستنی حکوومەتی عێراقیش بە شێوەیەکی گشتی.
کەواتە ئەوان لەگەڵ ئەوەن کە هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتوومان هەبێت."
هەروەها جەختی کردەوە کە "ئێمە لەسەر بنەمای دەستوور قسەمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکوومەتی فیدراڵ کردووە بۆ چەسپاندنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان؛ ڕاستە کێشەی ئێمە هەر بودجە نییە، زۆر شتی تریش هەیە، وەک ناوچە دابڕێندراوەکان، بودجە، و بابەتی نەوت و غاز، و لەسەر هەموو ئەو خاڵانە قسەی پێویستمان کردووە."
هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر
سەبارەت بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: "لەبارەی هێرشی سەر کۆرمۆر، لەگەڵ لایەنی فەرمیی بەغداش قسەمان کردووە و هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە نابێ ئەم هێرشانە دووبارە ببنەوە؛ سەرکۆنەی ئەم هێرشانە بە توندی کراوە و بەردەوامیش دەبین لەوەی کە هاوکاریی یەكتر بکەین بۆ ڕێگریكردن."
لە کۆتاییشدا مەسرور بارزانی وتی: "ئەوەی بزانم لێژنەیەکی هاوبەش لە لایەن سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵەوە پێکهێنراوە کە دوێنێ چوونەتە ئەو شوێنە بۆ ئەوەی بزانن کێ لە پشت ئەم هێرشانە بووە، داواکاریی ئێمە ئەوەیە هەر کاتێک بەدیار کەوت کێ بەرپرسە لەم جۆرە هێرشانە، ڕووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.