هەرێم نیوز
⠀
شاندی نێردە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی ئەو دامەزراوەیە کۆدەبنەوە.
⠀
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی 11ـی 2026، بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان تەواوی ئەو هەنگاوە یاسایی و ڕێکارانە بۆ دیپلۆماتکاران بخاتە ڕوو کە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان گیرابوونەبەر، هاوکات وردەکاریی دانیشتنەکەی ڕۆژی چوارشەممەشیان بۆ ڕوون بکەنەوە.
⠀
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بڕیارە تیشک بخرێتە سەر بایەخ و گرنگیی گەڕانەوەی ئەم دامەزراوە شەرعییە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە یاسایی و چاودێرییەکانی لە چوارچێوەی سیستەمی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا.
⠀
ئەم سەردانەی نێردە دیپلۆماسییەکان لە کاتێکدایە، کە دوای زیاتر لە دوو ساڵ پەککەوتن، دوێنێ چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی زۆرینەی پەرلەمانتاران و لە پرۆسەیەکی یاساییدا دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی هەڵبژارد و بە فەرمی کارا کرایەوە.