هەرێم نیوز
⠀
ئاژانسی هەواڵی ڕوسیا ئەلیوم بڵاویکردەوە، کە ڕۆژنامەی فەرمیی میسر بڕیاری نووسینگەی ڕێکخستنی لیستی قەوارە و کەسایەتییە تیرۆریستییەکانی سەر بە داواکاری گشتیی وڵاتەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا ناوی گرووپی ئیخوان موسلمین بە یەکجاری خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
⠀
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، بێجگە لە گرووپی ئیخوان موسلمین، ناوی سێ کەسایەتیی دیکەش بەهۆی دەرچوونی سزای کۆتایی بەسەریاندا بە فەرمی خراونەتە هەمان لیستی تیرۆرەوە، کە بریتین لە عەبدولڕەحمان حەسەن، جەمال عەبدولحەمید و ئوسامە ئیبراهیم.
⠀
بەگوێرەی ماددەی حەوتی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی ٢٠١٥ـی میسر تایبەت بە قەوارە و نهادە تیرۆریستییەکان، بڵاوکردنەوەی ناوی هەر گرووپێک لەو لیستەدا چەندین لێکەوتەی یاسایی لێ دەکەوێتەوە تا ئەو کاتەی بڕیارەکە کاری پێ دەکرێت، مەگەر دەسەڵاتی دادوەری بڕیارێکی دیکە بدات.
⠀
لێکەوتەکانی ئەم بڕیارەش خۆی لە قەدەغەکردنی تەواوەتیی چالاکییەکانی گرووپەکە، داخستنی بارەگاکانیان، ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە، قەدەغەکردنی دابینکردنی دارایی و بلۆککردنی سەرمایەکانیان و هەروەها قەدەغەکردنی بوون بە ئەندام لەو گرووپەدا دەبینێتەوە.