هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕای گەیاند، هیچ پاساوێک بۆ هەڵکشانی کردە سەربازییەکان بەرامبەر ئێران نابینێت و بە هەر شێوازێک بێت لەگەڵ تاران دەگەنە ڕێککەوتن.
ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و پرسی ئەتۆمی
ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی (60 Minutes)ی کەناڵی CBSی ئەمریکی ڕای گەیاند: "ئێران ئامادە بوو ڕێککەوتنم لەگەڵدا واژۆ بکات، ئەگەری هەبوو بگەینە ڕێککەوتن ئەگەر هەڵبژاردن نەبووایە، بەڵام بە هەر شێوازێک بێت ئێمە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران ئیمزا دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە هیچ پاساوێک بۆ هەڵکشانی کردە سەربازییەکان نابینێت، چونکە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران لەژێر هەزاران تۆن بەرددا نێژراون و گەرووی هورمزیش بۆ کەشتیوانی کراوەیە.
تەنگژە سەربازییەکان و تێچووی بەرگری
لە بارەی توانای سەربازیی وڵاتەکەیەوە، ترەمپ گوتی: "ئەگەر پێویستمان بە مامەڵەکردن لەگەڵ 'چیای قوڵەنگ' هەبووایە کە لە ئێستادا پێویستمان پێی نییە، ئەوا لە ماوەی یەک کاتژمێردا کارەکەمان تەواو دەکرد و بابەتەکە یەکلایی دەبووەوە."
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا باسی لە تێچووی ئاسایش کرد و جەختی کردەوە، ئەو وڵاتانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی جەنگدا پاراستوونی، دەبێت خۆیان تێچووە دارایییەکەی بگرنە ئەستۆ.