دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

تەمومژەکان سەبارەت بە گەرووی هورمز؛ ئێران مەرجەکانی توندتر دەکات و ئەمریکاش هۆشداری دەدات

هەرێم نیوز
⠀
ئێران سوورە لەسەر مەرجەکانی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز کە خۆی لە هەڵگرتنی سزاکان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی دەبینێتەوە، هاوکات دۆناڵد ترەمپیش لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆدەبێتەوە.
⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی 11ـی 2026، تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ڕێگەی قەتەرەوە سەرقاڵی ئاڵوگۆڕکردنی هەموارکردنەوەکانی تایبەت بە پرۆژەی ڕێککەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و کردنەوەی گەرووی هورمزن.
⠀
تۆڕە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم پرۆسەیە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دەستی پێکردووە و لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکاوە خێراتر بووە، ئەوەش بەهۆی دروستبوونی ترس لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێ لە ناوچەکەدا.
⠀
لەلایەکی دیکەوە ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سەرباری ناڕەزایەتییەکانی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە مەرجەکانی تاران، ئەگەر واشنتن وەڵامی داواکارییەکانیان بداتەوە ئەوا لە ماوەی دوو ڕۆژدا ناوچەکە گۆڕانکاریی ئەرێنی بەخۆیەوە دەبینێت.
⠀
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران وەستانی کاتیی جووڵەی نێوەندگیرەکانی ڕاگەیاندبوو، بەڵام لە ئێستادا ترەمپ هەوڵەکانی دەستپێکردووەتەوە و وێڕای دوورخستنەوەی بژاردەی هەڵگیرسانی جەنگ، هۆشداریی داوە کە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتنێکی باش ئەوا بژاردەی سەربازی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP