رۆژنامەی «العربی الجدید»ی قەتەری ئاشکرای کردووە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دۆسیەی دزینی نەوت لە ناوچەی جورف لسەخری کردووەتە خاڵی دەستپێک بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی فراوان دژی باند و تۆڕەکانی قاچاغچێتی نەوت لە تەواوی عێراق.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، کە لە سەرچاوە نزیکەکان لە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە وەریگرتووە، زەیدی فەرمانی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی لە چەندین گومانی قاچاغچێتی نەوتی عێراق داوە، کە لە ڕێگەی چەندین دەروازە و شێوازی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێت، لەوانەش شکانـدنی بەئەنقەستی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت، بە تایبەتی لە پارێزگای کەرکوک.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە، بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، هەندێک لایەنی چەکدار نەوتی کەرکوک بە قاچاغ دەگوازنەوە بۆ ئێران، لە ڕێگەی دەروازەی سنووری باشماخەوە، کە لە پارێزگای سلێمانی و لە سنووری هەرێمی کوردستانە.
بەپێی سەرچاوەکانی «العربی الجدید»، زەیدی دۆسیەی جورف لسەخری وەک دەستپێکی هەنگاوێکی فراوانتر دەبینێت، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە دیاردەی دزین و قاچاغچێتی نەوت و کۆنترۆڵکردنی ئەو تۆڕانەی لەو بوارەدا چالاکن.
رۆژنامەکە لەبارەی شێوازەکانی قاچاغچێتی نەوتەوە دەڵێت، ئەم تۆڕانە چەندین ڕێگە بەکاردەهێنن، لەوانە دەستبەسەرداگرتنی نەوت لە بۆری و هێڵەکانی گواستنەوە، دەستکاریکردنی پشکی کۆمپانیاکان و کارگەکان، هەروەها بەکارهێنانی تانکەرەکانی گواستنەوە و ڕووکاری بازرگانی بۆ گواستنەوەی نەوت، بەبێ ئەوەی بەڵگەنامەی فەرمی بۆ سەرچاوە و بڕی ڕاستەقینەی نەوتەکە هەبێت.
بەم شێوەیە، دۆسیەی دزینی نەوت لە جورف لسەخر، بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی هەنگاوێکی فراوانتری حکومەتی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی قاچاغچێتی و پاراستنی سەرچاوە نەوتییەکانی وڵاتدا هەڵدەسەنگێندرێت.