هەرێم نیوز
ئامادەکارییە ئەمنییەکان بۆ گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی ناوچەی جورف نەسر لە پارێزگای بابل دەستی پێکردووە، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق مۆڵەتی تا ڕۆژی هەینی داهاتووی بۆ کەتائب حیزبوڵا دیاری کردووە تا ناوچەکە چۆڵ بکات؛ ئەگەر ڕێککەوتنێک لەسەر کۆتاییهێنان بە کێشەکە بەدەست نەیەت، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەیە.
سەرچاوەکانی بەغدا ئاشکرایان کردووە کە هێزە ئەمنییەکان ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی فراوان لە ناوچەی جورف نەسر دەکەن. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە لیژنەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوە، ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە گومانی قاچاخی نەوت و دەستکاریی بۆڕییەکانی نەوت لە ناوچەکە، ڕادەستی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کردووە.
ناوچەی جورف نەسر، کە پێشتر بە جورف سەخر ناسراوە، لە ساڵانی ڕابردوودا لە ژێر کۆنترۆڵی کەتائب حیزبوڵای عێراقدا بووە. بە پێی ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگری عێراق، گومان لە دەستکاریکردنی بۆڕییەکانی نەوت و قاچاخکردنی نەوت لەو ناوچەیەدا هەیە.
کەتائب حیزبوڵا یەکێک بووە لەو گرووپانەی کە چووەتە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عەلی زەیدی بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانی، بەڵام تا ئێستا کۆنترۆڵی ناوچەی جورف نەسری ڕادەست نەکردووە. لە بەرامبەردا، گرووپەکە لە بەیاننامەیەکدا حکومەتی تۆمەتبار کردووە بە شکاندنی بەڵێنەکانی و فشارخستنەسەری بۆ ڕادەستکردنی چەکی «موقاوەمە».
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە حکومییە ئاگادارەکان دەڵێن عەلی زەیدی تا ڕۆژی هەینی داهاتووی مۆڵەتی بە کەتائب حیزبوڵا داوە بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە. حکومەتیش بڕیاری داوە هێزەکانی سوپای عێراق لە جورف سەخر جێگیر بکات و کۆنترۆڵی ناوچەکە بگرێتە دەست.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە فشاری ئەمریکا بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارە شیعەکان و کۆتاییهێنان بە کاریگەریی هێزە سەر بە ئێرانەکان لە عێراق بەردەوامە؛ بە تایبەتی لە دوای ئەوەی هەندێک لەم گرووپانە بە بەکارهێنانی درۆن و هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە تۆمەتبار کراون.
لە هەمان کاتدا، چوارچێوەی هەماهەنگی، کە هاوپەیمانییەکی سیاسییە و زۆربەی لایەنە شیعەکانی عێراق لەخۆ دەگرێت، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆ ئەنجام بدات. بەپێی زانیارییەکان، چەندین دۆسیەی گرنگ لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێن، لەوانە:
دۆسیەی جورف نەسر و گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکان.
یەکلاییکردنەوەی سەرۆکایەتی لیژنەکانی پەرلەمان.
پرۆژەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧.
لە بەرامبەردا، ئەگەر ڕێککەوتنێکی پێشوەختە بۆ کشانەوەی کەتائب حیزبوڵا لە ناوچەکە بەدەست نەیەت، مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەنێوان ئەو گرووپە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق زیاتر دەبێت.
جورف نەسر هەروەها دۆسیەیەکی ئاڵۆزی نیشتەجێبوونەوەی هاووڵاتیانە؛ چونکە کەتائب حیزبوڵا بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ ڕێگری لە گەڕانەوەی دانیشتوانی ناوچەکە کردووە، کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.
بەم شێوەیە، دۆسیەی جورف نەسر بووەتە یەکێک لە گرنگترین تاقیکردنەوە ئەمنی و سیاسییەکانی حکومەتی عێراق، لە کاتێکدا بڕیاری کەتائب حیزبوڵا لەبارەی چۆڵکردنی ناوچەکە تا هەینی، دەتوانێت ئاراستەی قۆناغی داهاتووی پەیوەندیی نێوان حکومەت و گرووپە چەکدارەکان دیاری بکات.