هەرێم نیوز
دەزگا و دامەزراوەکانی چاودێریی سەلامەتیی ئەتۆمی، کە نوێنەرایەتیی ٣٨ وڵات دەکەن، ئاگادارییان لە زیادبوونی مەترسیی ڕوودانی کارەساتێکی ئەتۆمی لە ئۆکرانیا لە وەرزی زستاندا داوە و داوایان لە ڕووسیا کردووە هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە بوەستێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز، هێرشەکانی ڕووسیا بە درۆن و مووشەک بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئۆکرانیا، لەوانە بەنداو و وێستگەکانی کارەبا، هێڵەکانی گواستنەوەی وزە و وێستگە لاوەکییەکانی دابەشکردنی کارەبا، زیانی زۆریان بە تۆڕی کارەبای ئەو وڵاتە گەیاندووە.
ئەم دامەزراوانە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دەربڕیویانە کە نیگەرانییەکی گەورەیان لە مەترسییەکانی سەر سەلامەتیی ئەتۆمی هەیە، کە بەهۆی بەردەوامبوونی جەنگ و هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا دروست بوون.
سەرچاوەی سەرەکیی نیگەرانییەکان بریتییە لە ئەگەری پچڕانی کارەبای جێگیر لە تۆڕی نیشتمانیی ئۆکرانیا؛ چونکە وێستگە ئەتۆمییەکان بۆ بەردەوامبوونی سیستەمی ساردکردنەوەی سووتەمەنیی ئەتۆمی پێویستیان بە کارەبایە. لە ئەگەری پچڕانی درێژخایەنی کارەبادا، مەترسیی تێکچوونی سیستەمی ساردکردنەوە و توانەوەی سووتەمەنیی ئەتۆمی زیاد دەکات، کە دەتوانێت ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ماددەی تیشکدار.
پێر ستراند، سەرۆکی دوو لە ڕێکخراوەکانی چاودێریی سەلامەتیی تیشکدان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکانی ڕووسیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا مەترسیدارتر بوونەتەوە و ئاماژەی بە بەکارهێنانی درۆنی پڕچەک و وردتر لە دیاریکردنی ئامانجەکان کردووە.
بەپێی هۆشداریی ئەو بەرپرسیارە، خراپترین سیناریۆ ئەوەیە تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا لە ئاستی نیشتمانیدا ڕووخێت و لە هەمان کاتدا کاریگەری لەسەر نۆ ڕیاکتەری ئەتۆمیی چالاکی ئەو وڵاتە دابنێت؛ ئەوەش دەتوانێت بارودۆخێکی زۆر مەترسیدار دروست بکات.
بەهۆی ئەم مەترسییانەوە، ئەو دامەزراوانە داوایان لە وڵاتان کردووە فشاری زیاتر بخەنە سەر ڕووسیا بۆ وەستاندنی هێرشەکان، هەروەها وڵاتانی ئەورووپاش هاوئاهەنگی بکەن و ئامادەکاریی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕووداوێکی ئەتۆمیی ئەگەری ئەنجام بدەن.
ئۆکرانیا چوار وێستگەی وزەی ئەتۆمی هەیە، کە سێیان لە خزمەتدان و نزیکەی ٨٠ لەسەدی کارەبای بەکارهاتووی وڵاتەکە لە زستاندا دابین دەکەن. وێستگەی چوارەم، واتە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئەورووپایە، لە نزیک هێڵی پێشەوەی جەنگدایە و لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیدایە.
ئەم وێستگەیە لە ئێستادا کارەبا بەرهەم ناهێنێت، بەڵام بۆ پاراستنی سیستەمی ساردکردنەوەی سووتەمەنیی ئەتۆمی پێویستی بە سەرچاوەیەکی دەرەکیی کارەبا هەیە، تاکو مەترسیی توانەوەی سووتەمەنی و بڵاوبوونەوەی ماددەی تیشکدار ڕوونەدات.
هەروەها ئەم ئاگادارییانە یادەوەرییەکن لە کارەساتی ئەتۆمیی چێرنۆبڵی ساڵی ١٩٨٦، کە بە یەکێک لە گەورەترین ڕووداوە ئەتۆمییەکانی مێژووی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی دادەنرێت و کاریگەرییەکانی بۆ چەندین وڵاتی ئەورووپا بڵاو بوونەوە.