دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

لە جەنگدا ، شمشێر نایدۆڕێنێ، ئەو دەستە دەیدۆڕێنێت کە لەرزی تێکەوتووە و دەترسێت

هێمن عەبدولقادر

لە جەنگدا ، شمشێر نایدۆڕێنێ، ئەو دەستە دەیدۆڕێنێت کە لەرزی تێکەوتووە و دەترسێت ،
ئەو مرۆڤەی زوتر هەڵدەچێت و زیاتر دەنگ بەرز دەکاتەوە ناچار دەبێت ماوەیەکی زۆرتر بۆ ڕاستکردنەوەی قسەکانی خۆی تەرخان بکات،
ئەوەی گوێ دەگرێت، ئەو کەسەیە کە کۆنترۆڵی گفتوگۆ و جەنگەکەی کردووە، نەک ئەوەی هاوار دەکات.
کورد ئەڵێت:-
(گۆشت هەرچەندە لەڕ بێت ، تامی لەسەر و نانەوەیە) ، ئارامی و هێمنی هەرچەندە لاوز و لەڕ دەرکەوێت ، بەڵام تامەکەی لەسەرو شەڕ و هەڵجوون و توڕەییەوەیە ، شەڕی نەزان ئاسانە، بەڵام بێ نرخکردنی خۆتە.
کابرایەک کەوانێکی هەڵگرت و پێش لەشکر کەوت ، وتیان کوا تیرەکانت؟
کابرا وتی ئەگەر دوژمن تیری تێگرتین هەڵیدەگرمەوە و تێیان دەگرمەوە ، وتیان ئەی ئەگەر دوژمن تیری نەهاویشت ؟
کابرا وتی دەی باشتر ، ئەو کات منیش دەگەڕێمەوە ، واتا شەڕەکە ڕووی نەداوە !!
تیر کە هاوێژرا ، قسە کە فڕێدرا ، دەنگ کە بەرز کرایەوە ، واتا جەنگەکە دەستی پێکردووە، لە ژیاندا هەموو جەنگێک پێویستی بە سەرکەوتن نییە، هەندێک جەنگ تەنها پێویستی بەوەیە کە تۆ بەشداریی تێدا نەکەیت.
................
دەڵێن هەمیشە لە جەنگدا ئەو کەسە دەدۆڕێت کە زوتر ئارامی خۆی لە دەست دەدات ،
ئەوەی ئارامی لەدەست بدات ، ژیریشی لە دەست دەدات،
وشەیەک کە مرۆڤ بتوانێت لە کۆتایشد بیڵێت ، نابێت لە سەرەتادا بگوترێت ،ئەوەی لە سەرەتادا ، لە تووڕەییدا دەیڵێی، تەنها دەنگەدەنگە، وشە نییە.
مرۆڤی توڕە و هەڵەشە ، نیوەی تەمەنی لە داوای لێبوردن و نیوەکەی تری لە شەڕ لەگەڵ ئەوانی تردا بەسەردەبات ،چونکە گەوج بە زریکە ترس دەردەبڕێت و پیاوی ژیریش بە وشەی نەرم .
حەمدی گوتەنی :-
(مەسکەنم مەیخانەیە ، مەستی شەرابی ئولفەتم
حەزرەتی ساقی دەزانێ ، سیڕڕی قەلبی زاکیرم)
ئەوەی مەستی ئولفەت بێت، دەستی نالەرزێت، تیری نانەوێت، دەنگیش بەرز ناکاتەوە و ئابڕووی خۆشی نابات.
نوقتە سەری دێڕ...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP