دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

لوتکەی بەرز ساردترە

هێمن عەبدولقادر

دەڵێن لە داستانی (مەهاباراتا)دا، کاتێک (ئەڕجۆ) تەماشای ئەو کەسانە دەکات بڕیارە بیانکوژێت ، تا دەسەڵات وەرگرێت ، شمشێرەکەی فڕێ دەدات و دەڵێت :-
(ئەگەر من مامۆستا و هونەرمەند و هاوڕی و کەسە نزیککانی خۆم بکوژم ، ئەم دەسەڵاتەم بۆچییە؟ کە خۆشەویسترین کەسەکانمی تێدانەبن)
کاتێک لەسەر لوتکەکەیەک ئاڵاکە دەچەقێنیت، لە بری مرۆڤ، تۆز و خۆڵ بەچواردەورتەوەیە ئەوە سەرکەوتن نییە، ئەوەشکستێکە بە پلەی ئیمتیاز ، ئەوە پێی دەگوترێت سەرکەوتنی بەتاڵ
................
سەرکەوتن لە ژیاندا کاتێک مانای هەیە ، کە ئەوانی تریش هەبن ، کورسییەکە ئەبەیتەوە ،
بەڵام قەت ناپرسیت تا گەیشتن بەوێ ، کێ و چیت لەدەستداوە؟
زۆرجار پیاوەکان کە شتێک لە ژیانیان دەگۆرێت تەنانەت هاوسەر و مندالەکانیشیان لە بیر دەکەن ، زۆرجار ژنەکان کە شتێک بەدەست دەهێنن هەمان شت بەرامبەر بە مێرد و مندالەکانیان دەکەن ،
هاوڕێکانی دوێنێش هەمان کار دەکەن.

بۆیە هەمووی ئەوەی بە دەستت هێناوە ڕۆژێک بە ناجاری دەبێت بیکەیتەوە بە خەرجی ئەو شتانەی کە لەدەستت داوە بەڵام هەرگیز ناگەڕێنەوە ، مەگەر خەڵک چەندجار متمانە دەکەن؟ مەگەر تەمەن چەندجار دەرفەت بە تۆ دەدەن ؟
........................
لە ڕاستیدا تەنیا کەوتنی سەرلوتکە هەر وەستانە لە دامێندا ، بگرە هەوای سەر لوتکەکە ساردتر و کوشندەترە.

هیچ یارییەک شایستەی بردنەوەنییە ئەگەر باجەکەی لە دەستدانی ئەوانەبێت کە بڕیاربوو لەبەر ئەوان یاریەکە ئەنجام بدەیت،
گەورەترین هەڵخەڵەتاندنی (نەست) ئەوەیە کە وا دەکات مرۆڤ بباتە سەرەوە،بەڵام مرۆڤ کاتێک لەسەر لووتکە بە تەنیا دەمێنێتەوە، تازە تێدەگات کە لووتکەکەش بێ ئەوانی تر، هەر دۆڵێکی قووڵە،
لوتکەی تەنهاییش هەر زیندانە ، ڕوبەرێکی ترە هەر بۆگۆشەگیری.

تەنها چاوچنۆک و نەزانەکان ، هاوڕێ و ڕیز و خۆشەویستی و خێزان و مندالەکانیان دەگۆڕنەوە بە زێڕ و زیو و ئاسن و بەردی بێ گیان ،تەنها ئەوانن کە هەموو کەسەکان دەگۆڕنەوە بە پلەیەک کە تەنها لەسەر کاغەز بەرزە نەک لەناو خەڵکیدا.
..............................
چیرۆکێک کە گوێگری نەبێت خۆ ئیتر چیرۆک نییە ، بەڵکو ددان پێدانانە،
لە دامێنەکەدا دەترسیت سەر نەکەویت و لە لوتکەکەشدا دەترسیت بکەویت ، کە واتە لە هەردووکیاندا هەر تەنهایت، لە دامێنەکەدا هیوا هەیە بگەرێیتەوە ، بەڵام لە لوتکەکەدا گەڕانەوەش ئەستەم دەبێت.
........................
سامۆراییەکان دەڵین جەنگاوەری بە ئەخلاق نابێت تەنها شمشێر بۆ سەرکەوتن رابکێشێت،ئەگینا هەموو گیانی خۆشی دەبرێت.
ئەوان چەمکێکین هەیە پێیدەڵێن (هان) هەستێکە ، کە تێکەڵەیەکە لەگەڵ پەژارە ، هەمووان ئەبەزێنیت ، کۆشک و کورسی و تەختەکە بەدەست دەهێنیت ، بەلام توشی بێدەنگیەکی ئەمەندە قورس دەبیت کە سەری دەگاتە شێتبوون.
پوچترین سەرکەوتن ئەوەیە کە بەسەر تەرمی پەیوەندیەکانی چواردەورتدا هەنگاوبنێیت ،
ئەگەر لە لوتکەدا هەسستت بە تەنیایی خۆت کرد بپرسە ئەی ئەمەم بۆ کێ بەدەستهێنا؟
ڕاستە ناوت لەسەرەوەیە، بەڵام لە خۆت بپرسە چواردوەرەکەت لەکوێن!
نوقتە سەری دێڕ...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP