هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە قاهیرەی پایتەختی میسر، بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکاری ئابووری و وەبەرهێنان، واژۆکردنی چەند ڕێککەوتنێکی دوولایەنە و تاوتوێکردنی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی پرسی جەنگی ئێران و گرژییەکانی یەمەن.
کۆبوونەوەکانی قاهیرە و کارنامەی سەردانەکە
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بەگوێرەی بەرنامەی سەردانەکە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی ئیتیحادییە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆ دەبێتەوە و دواتر بەشداری لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای هاوبەشی هەردوو وڵاتدا دەکات.
قەحتان خەلەف، باڵیۆزی عێراق لە قاهیرە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، دۆسیەکانی وزە، گواستنەوە، کارەبا، بازرگانی و وەبەرهێنان لە پێشەنگی کارنامەی سەردانەکەدان. هاوکات وەزارەتی بازرگانیی عێراق دوێنێ یەکشەممە بڵاوی کردەوە، سەرۆکوەزیران کۆنووسی خولی چوارەمی لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و میسر واژۆ دەکات و سەرپەرشتیی واژۆکردنی چەند ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێک لە بوارە ئابووری، بازرگانی و دارایییەکاندا دەکات.
دۆسیەی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت و کاراکردنەوەی بانکی ڕافیدەین
لە چوارچێوەی گفتوگۆ ئابوورییەکاندا، هەردوو وڵات لێکۆڵینەوە لە ڕێککەوتنێک بۆ دابینکردنی نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ میسر دەکەن و بژاردەکانی هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت بەدوور لە گەرووی هورمز تاوتوێ دەکەن، هاوکات کاراکردنەوەی مۆڵەتی لقی بانکی ڕافیدەینی عێراقی لە قاهیرە دەخرێتە بەر باس.
لە لایەکی دیکەوە و وەک ئامادەکارییەک بۆ سەردانەکە، دوێنێ یەکشەممە، محەمەد فەرید، وەزیری وەبەرهێنانی میسر لە قاهیرە لەگەڵ باڵیۆزی عێراق کۆ بووەوە بۆ تاوتوێکردنی پشتیوانیکردنی کارەکانی کۆمپانیا میسرییەکان لە پڕۆژەکانی بیناسازی لە عێراق.
پرسی جەنگی ئێران و ئاڵۆزییەکانی یەمەن و دەریای سوور
جگە لە دۆسیەی ئابووری، پێشبینی دەکرێت پرسی جەنگی ئێران و پەرەسەندنە سەربازییەکانی نێوان سعوودیە و حووسییەکان تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکانی زەیدی و سیسی یاخود کۆبوونەوەکانی لیژنەی هاوبەش بن.