هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە لووتکەی برۆکسل سێ رێککەوتنیان بۆ ئاسانکاریی بازرگانی و هاتوچۆی گەنجان واژۆ کرد، هاوکات پرسی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوانیان بۆ کاتێکی دیکە دواخست.
هەینی 20ی تشرینی دووەمی 2026، لە لووتکەکەدا یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا رێککەوتنەکانیان بە سەرکەوتن ناو برد؛ ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند: ئەمە رۆژێکی باشە بۆ بەریتانیا و رۆژێکی باشە بۆ ئەوروپا و رێککەوتنەکەی بە مێژوویی وەسف کرد. لە بەرامبەردا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا بە وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لادا ناوی برد.
لە برۆکسل هەر دوو لا لەسەر سێ رێککەوتنی سەرەکی گەیشتنە ئەنجام کە بریتین لە: کەمکردنەوەی بەربەستە کارگێڕییەکانی بەردەم هەناردەکردنی خۆراک، بەستنەوەی سیستەمەکانی بازرگانیکردن بە دەرهاوێشتە گازییەکانی هەر دوو لا و کاراکردنی بەرنامەی ئەزموونی گەنجان.
بێرنهام گوتی، ئەو رێککەوتنانە کە سەرەتا لەلایەن کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، پێش خۆیەوە دەستپێشخەرییان بۆ کرابوو، بەشێک لە زیانەکانی برێکزیت چاک دەکەنەوە و بە بڕی 22 ملیار دۆلار ئابووریی بەریتانیا دەبووژێننەوە. لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنانەدا، کۆمپانیا بەریتانییەکان بە ئاسانی هەناردەی ئەوروپا دەکەنەوە و ڕێگە بە 100 هەزار گەنجی خوار تەمەن 30 ساڵ لە هەر لایەک دەدرێت بۆ ماوەی تا سێ ساڵ لە وڵاتانی لایەنی بەرامبەر بۆ کار، خوێندن یان گەشت نیشتەجێ ببن.
لەگەڵ ئەوەشدا، پرسی کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی قوتابییانی یەکێتیی ئەوروپا لە زانکۆکانی بەریتانیا بۆ ئاستی کرێی قوتابییە بەریتانییەکان، ناکۆکیی لە نێوان هەر دوو لادا دروست کرد. بێرنهام دووپاتی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە کراوە، تەنانەت ئەگەر لە شەش مانگی داهاتوودا دانوستانەکان لەسەر کرێی خوێندن بەردەوام بن، بەڵام لە ڕاگەیاندراوێکی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا کە دەست ئاژانسی فرانس پرێس کەوتووە، هاتووە کە تا ڕێککەوتن لەسەر کرێی خوێندن نەکرێت، جێبەجێکردنەکەی رادەگرن.
لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانەوە، ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا بە بێرنهامی گوت کە یەکێتیی ئەوروپا دەرگای کراوەیە بۆ هەبوونی نزیکترین پەیوەندیی گونجاو.
لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی داهاتوودا بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکان ئاڵوگۆڕێکی نافەرمیی بیروڕا لەگەڵ ئەوروپا ئەنجام دەدات و لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی فرانس پرێسدا گوتی: پێویستە بیر لەوە بکەینەوە کە پەیوەندییە دروستە درێژخایەنەکە چییە. هەنگاوە بچووکەکان تەنیا تا رادەیەک دەمانبەنە پێش. بێرنهام ئەوەشی خستە ڕوو کە رێککەوتنەکانی ڕۆژی هەینی پێدەچێت سنووری ئەو شتانە بن کە لەم خولەی پەرلەماندا دەتوانین بەدەستیان بهێنین و جەختی کردەوە: گەلی بەریتانیا بڕیاردەر دەبێت لەوەی دواتر چی روو دەدات و ئێمە پێش رای گشتی ناکەوین.