هەرێم نیوز
سەرۆکی رووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا داوای لە ئۆکرانییەکان و سەربازانی سوپای ئۆکرانیا کرد بچنە لای رووسیا کە بە بەرەی دروستی مێژوو ناوی برد، هاوکات رایگەیاند رووسیا و ئۆرسۆدۆکسی دەتوانن ببنە پەناگەیەک بۆ مەسیحییەت لە جیهاندا.
ئەمڕۆ هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا بەبۆنەی بە یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی پاتریارک کیریل، لەبارەی سەربازانی سوپای ئۆکرانیاوە، گوتی: نامەوێت بڵێم خۆتان بدەن بە دەستەوە، چونکە ئەو دەربڕینە بە شکێنەر دەزانم، و باسی لەوە کرد کە ئەوان بە شێوەیەکی بەردەوام شەڕ دەکەن، بەڵام داوای لێ کردن: وەرنە لای ئێمە، چونکە ئەوە بەرەی هاوبەشمانە و بەرەی دروستی مێژووە.
سەرۆکی رووسیا داوای لە خەڵکی ئۆکرانیاش کرد، سەرباری کارەساتەکانی ئێستا، بیر لە داهاتووی منداڵەکانیان بکەنەوە و هەوڵ بۆ یەکگرتن بە مانا فراوانەکەی بدەن، بە گوتەی خۆیشی مەبەستی ئەوە نییە لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتدا بن. پووتین گوتی: دەسەڵات لە ئۆکرانیا لەلایەن نەتەوەپەرستەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە نەک نیشتمانپەروەران، و روونی کردەوە نیشتمانپەروەر وڵاتی خۆی خۆش دەوێت بەڵام نەتەوەپەرست رقی لە گەلانی دیکەیە.
پووتین رایگەیاند، وڵاتانی ڕۆژئاوا کە لەم ململانێیەدا پشتگیریی کیێڤ دەکەن، بۆ بەرژەوەندیی ئۆکرانیا نایکەن، بەڵکوو بۆ بەرژەوەندیی خۆیانە بە ئامانجی لاوازکردن و پارچەپارچەکردن و ملکەچکردنیان بۆ ئیرادەی خۆیان، ئەوەشی بە درێژەپێدەری سیاسەتی پەرت بکە و زاڵ ببە دژی رووسیا ناو برد.
سەرۆکی رووسیا ئەوەشی خستە روو کە دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، ئۆکرانیا پیشەسازیی کەشتیوانی، فڕۆکەوانی و مووشەکیی لەدەست دا و ژمارەی دانیشتووانی لە 51 بۆ 52 ملیۆن کەسەوە لە ساڵی 1986 دابەزی بۆ 41 ملیۆن، پاشان 31 ملیۆن و ئێستاش دەگوترێت نزیکەی 20 ملیۆن کەسی تێدا ماوەتەوە، گوتیشی هەموو شتێک پێش هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا لە خۆیەوە داڕماوە.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، پووتین گوتی وڵاتەکەی و کەنیسەی ئۆرسۆدۆکس دەتوانن رۆڵی کەشتیی رزگاری بۆ مەسیحییەت لە جیهاندا بگێڕن و دووپاتی کردەوە کە هەموو رۆژێک نزای خێر بۆ رووسیا و گەلەکەی دەکات.
پووتین روونی کردەوە کە لە رووسیا چوار ئایینی نەریتی هەن، ئۆرسۆدۆکس، ئیسلام، جوولەکە و بوودایی، کە پێکەوە گەشە دەکەن و خاوەنی بەها هاوبەشە نەریتییەکانن. هەروەها گوتی، ئەگەرچی دیاردەیەکی بەکۆمەڵ نییە، بەڵام خەڵکانێک لە وڵاتانی دیکە و تەنانەت ئەورووپاشەوە دەچنە رووسیا و بە گوتەی خۆیان هۆکاری سەرەکییان پاراستنی خێزان و پەروەردەکردنی منداڵەکانیانە لە چوارچێوەی بەها ئایینییە نەریتییەکاندا.