دواین هەواڵ

عێراق‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

حکوومەتی عێراق زیاتر لە 2 ترلیۆن دیناری بەهەدەرچوو دەگەڕێنێتەوە

هەرێم نیوز

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، هەڵمەتی حکوومی بە ناوی سەولەتی فەجر بەردەوامە. بەگوێرەی ئامارەکانیش ئەو بڕە پارەیەی لە گەندەڵییەوە گەڕێندراوەتەوە، زیاتر لە 2 ترلیۆن و 682 ملیار دینار و زیاتر لە 781 ملیۆن دۆلارە.

 

یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق روونیکردەوە، ئەو پارانە دەخرێنە سەر سندووقی نەوەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 دا دیاریکراوە.
 گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی گوت: "سەولەتی فەجر بە کردەیی نەوەستاوە و ئەنجامەکانی بە شێوەیەکی روون لە رێگەی ئەو حوکمە دادوەرییانەوە دەردەکەون بەسەر تاوانباراندا دەرچوون"، هاوکات رایگەیاند، لەنێو تاوانباراندا سیاسەتمەداران، ئەندامانی پەرلەمان و کەسایەتییە دیارەکان هەن.
عەبوودی جەختیکردەوە، ئەنجام و ئاماژەکانی ئەو هەڵمەتە لە ماوەی 23 ساڵی رابردوودا و لەدوای ساڵی 2003ـوە بێ وێنەیە.
عەبوودی گوتی: "عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، وەک بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکار و سیاسەتی گشتیی دەوڵەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لەم ئەرکەدا لەگەڵ هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و یاساداناندا هەماهەنگی دەکات". عەبوودی روونیکردەوە، حکوومەت ناتوانێت بە تەنیا و بەبێ ئەم هەماهەنگییە دۆسیەکە یەکلا بکاتەوە.
عەبوودی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: "سندووقی نەوەکان بۆ یەکەمجار نوێنەرایەتی ئاراستەیەک بۆ دڵنیابوون لە داهاتووی نەوەکان دەکات و وەک پاڵپشتییەکی دارایی بۆ داهاتە نەوتییەکان و خەزێنەی دەوڵەت کاردەکات."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP