هەرێم نیوز
⠀
محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، داوای دەرچوون لە دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی" دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گەیشتن بە بەرپەرچدانەوەی بەردەوام تاکە ڕێگەی دوورخستنەوەی مەترسیی جەنگە لە وڵاتەکەی.
⠀
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی 11ـی 2026، محەمەدباقر قالیباف لە لێدوانێکدا ڕەخنەی لە بەسیاسیکردنی گفتوگۆکان لەبارەی بژاردەکانی ئێرانەوە گرت کە تێیدا ئەوانەی باسی دانوستان دەکەن بە سستی و پاشەکشە و ئەوانەشی باسی جەنگ دەکەن بە جەنگخواز تۆمەتبار دەکرێن و ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامبوونی ئەم مشتومڕە هیچ دەرچەیەک ناڕەخسێنێت.
⠀
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتی، تەنیا یەک ڕێگەیان لە پێشە ئەویش دوورخستنەوەی هەڕەشە و لابردنی سێبەری جەنگە کە تەنیا بە گەیشتن بە بەرپەرچدانەوەی بەردەوام دێتە دی.
⠀
قالیباف ئاماژەی بەوەش کردووە، نەیارانی ئێران تێگەیشتوون هەڵگیرساندنی جەنگێکی هاوشێوەی جەنگی چل ڕۆژە ئامانجەکانیان ناهێنێتە دی، بۆیە ڕوویان لە دابڕاندنی ئابووری و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی و هەوڵدان بۆ ڕووخانی سیستەم لە ناوەوە کردووە.
⠀
سەبارەت بە دۆخی ئابووری، قالیباف چاکسازیی کەرتی وزەی بە بەپەلەترین دۆسیە ناو برد و داوای کرد پێشینە بدرێتە کەرتی گاز و چارەسەرکردنی دۆسیەی بەنزین دوابخرێت.
⠀
بەگوێرەی ئەو ژمارانەی ناوبراو خستوونیەتە ڕوو، بەنزین ٩٪ـی کۆی وزە پێک دەهێنێت بەرامبەر ٧٣٪ بۆ گاز و جەختی کردەوە کە گرنگیدان بە گاز یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتییان و حکومەت و بەهێزکردنی ئاسایشی ئابووری و خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی.