هەرێم نیوز
حکوومەتی عێراق بڕیاری دا سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر جێگیر بکات، بە ئامانجی پاراستنی ئاسمانی کێڵگەکە و ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی درۆنی و مووشەکی کە ببێتە هۆی پەکخستنی بەرهەمهێنانی غاز و کارەبا.
دانانی سیستمی بەرگری لە زیاتر لە ٥٠ شوێن لە عێراق و هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، سەباح نوعمان، وتەبێژی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: "سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە زیاتر لە ٥٠ شوێنی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێن، و یەکێک لەو شوێنانە کێڵگەی غازی کۆرمۆرە."
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە ٥٠ شوێن دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییان تێدا دابنرێت، کە بەشێکیان دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە و کێڵگەی غازی کۆرمۆر یەکێکە لە گرنگترین ئەو شوێنانە.
تەرخانکردنی بودجە و کاتی گەیشتنی سیستمەکان
سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، سەباح نوعمان ئاشکرای کرد کە بودجەی پێویست بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی تەرخان کراوە، و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا و بە دیاریکراوی لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا (٢٠٢٧)، سیستمەکان بگەنە عێراق و دەست بە دانانیان بکرێت.