هێمن عەبدولقادر
میهرەبان بوون مانای ئەوە نیە کە بەردەست بیت بۆ هەموو شتێک، هەمیشە ئاشت بە، بەڵام نابێت هەرزان بیت ، دەتوانیت لێبوردە بیت ، بەڵام وانەکە لە بیر نەکەیت ، کاتێک دەبوریت خۆت ئازاد دەکەیت ، بەڵام کاتێک وانەکە لەبیر ناکەیت واتا دەرفەت نادەیت دووبارە ئازارت بدەنەوە ،
خۆشەویستیت بۆ هەمووان هەبێت بەڵام بەرگەی بێ ڕێزی مەگرە ، سنور دانان بێ رێزی نییە خۆ پاراستنە ، هەموو کەس شایەنی خۆشەویستییە، بەڵام هەموو کەس شایەنی نزیکی نییە.
..............................
کورد دەڵێت (با لوت بمێنێت لە بەینی چاودا) ئەگەر لوت سنورێک دانەنێت چاو، چاو دەخوات ، تەنانەت خۆشەویستترین کەسەکانیش پێویستیان بە مەودایەکە ، کە لە نێوانیاندا هەبێت.
هەمیشە بە نەرمی بدوێ، چونکە هیچ دڵێک بە قسەی توند ناکرێتەوە، وەک گوڵێک کراوەبە ، با بۆنەکەت ، جوانیەکەت بۆ هەمووان بێت ، بەڵام ئەوەندە بەرزبە ، کە هەمووان نەتوانن لێت بکەنەوە ،
زۆرجار ژیان ئارامیمان تاقی دەکاتەوە تا بزانێت شایەنی ئەو ڕووناکییەین کە لە پشت دەرگاکەوە چاوەڕێمانە یان نا.
بۆیە ئەمڕۆ نا سبەی، ئەم دەرفەتە نا ، دەرفەتێکی تر ، هەرگیز دەست لە هیوا و ئومێد بەر نەدەیت ، لە وانەیە دواین کلیلی ناو گیرفانت ، ئەو کلیلە بێت کە قفڵەکە یان دەرگاکە دەکاتەوە.
.....................
ئەڵێن (گەورەترین ماسی ئەوەیە کە خۆی لە تۆڕەکە ڕزگار کردبێت ، باشترین نێچیریش ئەوەیە کە بۆت ڕاو نەکرابێت ، جوانترین خۆشەویستیش ئەوەیە کە دورکەوتنەوەی تێدابێت)
کاتێک ماسییەک لە دەریادا دەمێنێت، خۆشەویستییەک لە دڵدا دەمێنێت، ئەوا هەمیشە بیانوویەک هەیە دووبارە بە ئاشتی دەست پێبکەینەوە،
(باملم وەک قومری ئاساری بمێنێ تاحەشر
ئەی تەبیب ، دەرمان مەنێرە سەر برینی ، سەربڕین)
حەمدی دەلێت دەنگی خۆشی قومری هی ئەو خەتە ڕەشەی سەر ملێتی کە نیشانەی سەر بڕینی بووە ،
با خەتە ڕەشەکەی سەر مل و ژیانمان فێری دووبارە خۆش خوێندن و پەیوەندی گرتنمان بکاتەوە لەگەڵ یەکتری، ئەگەر هەموو شتێک لەمڕۆدا بگرین و سەری ببڕین و کۆتایی پێبهێنین، چی دەمێنێتەوە بۆ سبەینێ سەرقاڵی بین ؟
نوقتە سەری دێڕ......