هێمن عەبدولقادر
.............
ئەمڕۆ هۆتێلێک خزمەتگوزارییەکانی لە ماڵێک زیاترە ، مێنۆی هۆتێلەکان لە سفرەی ماڵەکان ڕازاوەترە ، جلەکانت بۆ ئوتو دەکەن ، ساوناو هەڵم و مەلە دەکەیت ، مەساج و شێلان ،
بەڵام کە پارەت پێنەما فرێت دەدەنە دەرەوە ، تەنها خێزانە ، بەبێ بەرامبەر تا مردن ئەم خزمەتگوزاریانە دابین دەکات ،
تەنها ئافرەتە پەنجا ساڵ سێ ژەمە بۆن و دوکەڵی تەباخ دەچێت بەسەریدا و هێشتا ئامادەیە نان دروست بکات ، تەنها پیاوە پەنجا ساڵ بەرگەی بێ حورمەتی کار و بازار و ئیشەکەی دەگرێت ، تەنها بۆ ئەوەی منداڵ و خیزانەکەی نەکەون ،
دامەزراوەی خیزان لە ئێستادا با لە قۆناغێکی خراپدابێت ، با لە قۆناغێکی شکستخواردووی و ڕاگوزەریدا بێت ، بەڵام هێشتا وەک شیری دایک جێگرەوە و بەدیلی نیە ، شەقام و کۆڵان و باخ و جانتای سەفەر و شوقە و تەنهاییەکان نابنە جێگرەوەی خێزان ، بۆ ماوەیەک ئاسوودەت دەکەن ، چێژ لە تەنهایی خۆت دەبینیت ، بەڵام سیستەمی بایۆکیمیایی ئێمە لەناوەوە داوای خۆشەویستی و غەریزەی بێ مەرج دەکات.
بۆیە بڕێک هێمنتر
، ئێوە لە یەکتری ڕزگارتان نابێت ، بەڵکو لە داوێکی تر دەست و قاچتان دەئاڵێت ، دەزانین ماڵ هەیە دۆزەخە ، ژن هەیە ژانە ، پیاو هەیە ناپیاوە ، ناپاکە ، توندوتیژە ،
بەڵام میهرەبانی ، ڕێز ، دەرفەتدان ، ددان بەخۆداگرتن ، دەتوانێت ، کێویترین و نەزانترین ئاژەڵیش ماڵی بکات ، مەگەر شێر و پڵنگ چۆن ماڵی دەکرێت ؟ جگە لە میهرەبانی و ڕێز ، بۆیە هەندێک شت هەیە بە هەمان کوالێتی قەت دروست نابێتەوە،
.................................
هەندێک پەناگە هەیە لە کاتی جەنگدا زۆر تاریک و ترسناکن ، بەڵام تا لێی دور نەکەویتەوە نازانیت دەرەوە چەند سارد و بێبەزیی و دڵڕەقترە،
ئەرستۆ دەیگوت (ئەوانەی لە خێزان و کۆمەڵگاکانیان هەڵدێن ، یان کێوین ، یان خوداوەند)
ئێمە نە کێوین و نە خودا ، مرۆڤین ، پڕین لە برین و شکست و شادی ، تەنهایی و بێ ئازاری وەک دەڵێن تەنها بۆ خودا باشە ،
پیاوێک کە کات بۆ خێزانەکەی تەرخان ناکات، هەرگیز نابێتە پیاوێکی ڕاستەقینە ، ژنێک کە ڕێز بۆ هاوسەر و نانێکی گەرم بۆ مندالەکانی ئامادە نەکات هەرگیز ناتوانێت ببێتە خانمێکی ڕاستەقینە ،
دەزانین کەرامەتی مرۆڤ لە ماڵدا ، بەقەد خێزان گرنگە ، بەڵام هەمیشە لە یادتان بێت ، با خراپترین بژاردە ، دواین بژاردەتان بێت ،
هێشتا دەتوانن قسە بکەن ، دەتوانن تەماشای یەک بکەن ، دەتوانن دووبارە دەست پێبکەنەوە ،
ئەوەی ناوسکی بیەشێت نابێت قەیسی بخوات ، نابێت بۆ برۆ چاککردنێک چاوێک کوێر بکرێت
بەڵێ ماڵ سارد و تاریک و تەڕ و شێدارە ، بەڵام دەرەوە هەر بە تەواوی کڕێوەیە و بەستوویەتی.
نوقتە سەری دێڕ...