دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

پلانی ئیسرائیل: سوریا بەسەر چەند کانتۆنێکدا دابەش بکرێت

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیوم بڵاویکردەوە، لە دوای ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدەوە، بەرپرسانی باڵای حکومەت و ئەمنی ئیسرائیل گفتوگۆی نهێنییان لەسەر ئایندەی سوریا ئەنجامداوە، کە تیایدا "پێشنیار کراوە لە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیدا بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت سوریا بۆ سەر چەند یەکەیەکی ئیداریی جیا دابەش بکرێت. ئەم پێکهاتەی ئیسرائیل دەیڵێت، هاوشێوەی فیدراڵیزمە.

ئیسرائیل هیوم ئەمڕۆ پێنجشەممە نووسیویەتی، یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەم دواییانەدا کۆبوونەوەیەکی سنوورداری لەگەڵ ژمارەیەک وەزیرانی حکومەتی وڵاتەکەی ئەنجامداوە کە تیشکیان خستۆتە سەر "ڕۆڵی تورکیا لە سوریا"، ئەمەش وەک پێشەکی کۆبوونەوەیەک بووە کە بڕیارە بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێت.

لەم دیدارەدا گۆڕانکارییەکانی سوریا و بەتایبەتی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەحمەد شەرع (محەمەد جۆلانی) سەرۆکی تەحریری شام لە سوریا و ئاسایشی دروز و پرسی کورد لە ناوچەکە تاوتوێ کران.

ئیسرائیل هیوم نووسیویەتی، لە پێوەندی لەگەڵ ئەم گفتوگۆیانەدا، تەوەری پێشنیازی دابەشکردنی سوریا بەسەر ناوچە پارێزگاکان (کانتۆنەکان) بۆ "گەرەنتیکردنی ئاسایش و مافی هەموو نەتەوەکانی سوریا" خرایەڕوو، کە پێشتریش باسی لێوەکرابوو.

کانتۆن جۆرێکە لە دابەشکردنی وڵات کە تێیدا ناوچەی ئۆتۆنۆمی بچووک یان پارێزگاکان کە دەسەڵاتی ناوخۆیی بەرفراوانیان هەیە پێکدەهێنرێن.  ئەم کانتۆنانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەڕێوەدەبرێن و بەشێکی پێکهێنەری حکومەتێکی ناوەندین.

کانتۆنێک پێکهاتەیەکی هاوشێوەی فیدرالیزمی هەیە، بەڵام ڕەنگە جیاوازی لە پلەی ئۆتۆنۆمی هەر هەرێمێکدا هەبێت.

کۆهین پێشنیاری کردووە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا ئەم پرسە تاوتوێ بکرێت.

ئیسرائیل هیوم باسی لەوە کردووە، کە پێدەچێت هەر پێشنیارێک لە ئیسرائیلەوە ڕووبەڕووی دژایەتی بەهێز بێتەوە لە ناوخۆی سوریادا، بۆیە "پێویستە ئەم دانوستانانە بە نهێنی بمێننەوە".

ڕاستەوخۆ دوای ڕووخانی ئەسەد، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا، هێزی زەمینی ئیسرائیل بە بەزاندنی ناوچەی سنووریی مەدەنی، چوونە ناو خاکی سوریا و پێگە چۆڵکراوەکانی سوپای ئەسەدیان گرت.

هەروەها سوپای ئیسرائیل توانیویەتی 400 کیلۆمەتر چوارگۆشەی ناوچەی پارێزراو لە بەرزاییەکانی جۆلان کۆنترۆڵ بکات.

لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 1967دا ئەم وڵاتە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکرد و بەشێکی سەرەکیی بە ئیسرائیلەوە لکاند. بەڵام زۆرینەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو ناوچانە بە خاکی سوریا لەژێر داگیرکاری ئیسرائیل دەزانن.

کاربەدەستانی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ بوونی هەمیشەیی لە سوریا نییە، بەڵام پێگەکانی خۆی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا دەپارێزێت تا ئەو کاتەی سەقامگیری بەدی دێت.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ڕەنگە ئەم سەقامگیرییە لە ڕێگەی کۆنفرانسێکەوە بەدی بهێنرێت کە هاوکار بێت بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی سنوور و پێکهاتەی سوریا و ڕێگەدان بە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بەبێ ئەوەی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی وڵات بخاتە مەترسییەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP