هەرێم نیوز
دوای زیاتر لە دوو ساڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جۆزیف عۆن بەسەرۆک کۆماری لوبنان هەڵبژێردرا. بووە 14 سەرۆک کۆماری لوبنان.
دوای ئەوەی میدیاكانی لوبنان رایانگەیاند، لایەنە سیاسیەكانی لوبنان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە رێككەوتوون كە ئەمڕۆ سەرۆكێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان هەڵبژێرن، لە کۆتاییدا دوای زیاتر لە دوو ساڵ جۆزیف عەون وەک سەرۆک کۆماری وڵاتەکە دەستنیشان کرا.
هەر لە دانیشتنی پەرلەماندا ژان ئیڤ لۆدریان نێردەی فەڕەنسا و باڵیۆزانی پێنج وڵاتی دیكە ئامادە بوون.
دوێنێ نەجیب میقاتی سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایگەیاند، لەکۆتاییدا دوای زیاتر لە دوو ساڵ، رۆژی پێنجشەممە 9ی ئەم مانگە، لوبنان دەبێتە خاوەنی سەرۆکێکی نوێ.
رۆژی 28ی مانگی 11ی رابردوو، نەبیە بەری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان رۆژی 9ی 1ی 2025ی دیاریکرد، بۆئەوەی پەرلەمانی لوبنان تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە.
لەدوای کۆتاییهاتنی کابینەکەی میشێڵ عەونی سەرۆک کۆماری پێشوو لە 31ی 10ی 2022دا، ئەو پۆستە بە چۆڵی مابووەوە و لەو ماوەیەشدا زیاتر لە 13 جار پەرلەمانی وڵاتەکە هەوڵی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دا و دەنگیان لەسەردا، بەڵام سەرجەم هەوڵەکانیان شکستی هێنا، کە دوایین جاریان لە 14ی 6ی 2023دا بوو. لەدوای ئەو ماوەیەوە بۆشایی سیاسیی دروست بوو، کە ئەوە شەشەم جارە لە مێژووی لوبناندا ئەوە رووبدات.