هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی شوێنی عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت، هیچ گۆڕانکارییەک دەربارەی ئەو نییە و ئێستاش لە ئیمراڵییە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە ڕایگەیاند: "هیچ گۆڕانکارییەک دەربارەی ئەو کەسە نییە و ئێستاش وا لە ئیمراڵییە، وەک دەزانن پەکەکە پەیوەندی لەگەڵ چەند وڵاتێک هەیە، رێکخراوێکی لەو جۆرە کە ئەو هەموو پەیوەندییەی هەیە تاوەکو چەند گوێ لە رێنماییەکانی رێبەرەکەی دەگرێت پێشتر ئەزموونمان کردووە".
ئەوەشی خستەڕوو: "پێشتر رێبەرەکەیان فەرمانی چەکدانان و چوونە دەرەوەی لە تورکیا کرد، کشانەوەی پەکەکە دەستیپێکرد بەڵام بە بیانووی رووداوەکانی سووریا کشانەوەیان راگرت".
ئاماژەی بەوەشكرد، "وا دوای 11 ساڵ هەمان سیناریۆ هاتووەتە مەیدان، ئایا گوێ لە رێبەرەکەیان دەگرن؟ ئەوە بژاردەی خۆیانە، بەڵام ئێمە وەک دەوڵەت لەسەر ئەو ئەگەرانە هەنگاو نانێین، بەڵکو لەسەر حساب و کتابی ئەقڵانی کار دەکەین".
ئاشکراشیکرد؛ "بۆیە ئێمە شیکردنەوەی مەترسی ئامێزی خۆمان دەکەین، دوای ئەوە بیر لەوە دەکەینەوە بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەکان پێویستمان بەچی هەنگاوێکی دیپلۆماسی و رێگەی هەواڵگری و سەربازی هەیە".