دواین هەواڵ

جیهان‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاگرە مەترسیدارەکەی ئەمریکا بەردەوامە؛ کاولکەرترین ڕووداوی لۆس ئەنجلس

هەرێم نیوز

ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە ناوچەی لۆس ئەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەردەوامە و تا ئێستا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە. لەمبارەیەوە 180 هەزار دانیشتووی ناوچە مەترسیدارەکان چۆڵکراون و نزیکەی 200 هەزار کەسی دیکەش بۆ ئەگەری دەرچوون لە ماڵەکانیان ئاگادارکراونەتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لەئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوانەدا، زیاتر لە 34 هەزار هێکتار زەوی بووەتە خۆڵەمێش و نزیکەی 10 هەزار پێکهاتە لەناوچوون.

ئەم ڕووداوە یەکێکە لە کارەساتە سروشتییە وێرانکەرەکانی مێژووی لۆس ئەنجلس.

لەم نێوەندەدا لە کاتێکدا ژمارەی قوربانیانی ئەم ئاگرکەوتنەوانە 10 کەس ڕاگەیەندراوە، بەرپرسانی ویلایەتەکە پێشبینی دەکەن ژمارەی قوربانییەکان زیاد بکات.

ڕۆبێرت لونا، بەرپرسی پۆلیسی لۆس ئەنجلس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەم ناوچانە لە شوێنێک دەچن کە بۆمبێکی ئەتۆمی تێیدا تەقیوەتەوە. چاوەڕوانی هەواڵی خراپتر دەکەین".

زیانی ئابووری ئەم ڕووداوە لە نێوان 135 بۆ 150 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

ئاگرکەوتنەوەکان لە دۆخێکدا ڕوویانداوە کە ماوەی چەند مانگێکە بارانبارینی بەرچاوی لە لۆس ئەنجلۆس نەباریوە.

کارین بێس سەرۆکی شارەوانی لۆس ئەنجلس پلانەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی خێرای شارەکەی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە: "ئێمە بڕیارمانداوە بە خێرایی شارەکە ئاوەدان بکەینەوە".

هاوکات جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کە دۆخی "کارەساتی نیشتمانی" ڕاگەیاندووە، بەڵێنی داوە کە حکومەتی فیدراڵی هەموو تێچووی پاککردنەوە، لابردنی کەرەستەی مەترسیدار و مووچەی کارمەندانی فریاگوزاری بۆ ماوەی 180 ڕۆژ دابین بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP