دواین هەواڵ

جیهان‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتانیاهو لەبارەی هێرشی سێیەم بۆ سەر ئێران کۆبوونەوەی پێکهێناوە

هەرێم نیوز

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕاوێژکاران و وەزیرانی کابینەی ئەمنیی حکومەتەکەی، سەبارەت بە ئاستی ئامادەیی سوپای ئەو وڵاتە بۆ ئەگەری هێرشی سێیەم بۆ سەر ئێران کۆبووەتەوە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان لەسەر سیاسەتی توندتری ئەمریکا بوو بەرامبەر بە ئێران، کە بڕیارە دوای هاتنەسەر دەسەڵاتی ترەمپ ئەمریکا ئەو جۆرە سیاسەتە بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر.

ئەم دیدارە لە کاتێکدا بەڕێوەچووە کە ئێران نیگەرانە لە هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل لە داهاتوودا بۆ سەر پێگە ستراتیجییەکانی.

لە ناوخۆی ئیسرائیل، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە داوای هێرشێکی دیکەیان بۆ سەر ئێران کردووە.

لە نێو ئەو بەرپرسانەدا دەیڤید بارنیا، بەرپرسی مۆساد هەیە، کە بە گوتەی میدیای ئیسرائیلی، لە وەڵامی هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل داوای هێرشێکی لەو شێوەیەی کردووە و وتی: با ڕاستەوخۆ بدەین لە سەری مارەکە، واتە ئێران.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، هێرشی دووەمی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە هێرشی یەکەمیان وێرانکەرتر بووە و لە چەند شەپۆلێکدا 20 شوێنی بەرگری و مووشەکی لە ئێران کرانە ئامانج، هەروەها سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس 300ی دروستکراوی ڕووسیا، کە بۆ ئێران بەجێهێڵدرابوون، لەناوچوون.

دوای هێرشی دووەم، فۆکس نیوز لە زاری ئامۆس هۆچشتاین، ڕاوێژکاری ئیدارەی بایدن بڵاویکردەوە، "ئێران بە تەواوەتی بێ قەڵغان بووە و لە بەرامبەر هێرشەکانی داهاتوودا زۆر لاواز دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP