دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

حکومەتی هەرێم لەسەر کێشەی مووچە هەڵوێستی توند وەردەگرێت

‎هەرێم نیوز

لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی وتوویەتی چیتر ئەم ستەمەی بەغداد لە بەرامبەر خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین. پێویستە هەڵوێستی توند بگرینەبەر، ناکرێت حکومەتی هەرێم بەردەوام داواکارییەکانی بەغداد جێبەجێ بکات و بەغداش خۆی لە مافە دەستوورییەکان بدزێتەوە، ناکرێت 2025یش سەرقاڵمان بکەن و مافەکانمان نەدەن.

‎ساڵی 2024 تێپەڕی و عێراق بودجەی نەناردووە، بەڵکو ئەوەی ناردویەتی بڕێک پارەبووە بۆموچە، شارەزایانی ئابوری بەباشی جیاوازی بودجە و موچە تێدەگەن، چونکە بودجە زۆر فراوانترە لەموچە و بودجەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگاکان و بەکاربردن بۆ هەرێم نەنێدراوە، ئەوەی نێدراوە تەنیا موچە بووە بەکەموکورتی زۆرەوە.
‎بۆیە ساڵی 2025 یان ساڵی چاکبوونی دۆخی مووچە و بودجەیە یان ساڵی هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی حکومەتی هەرێم دەبێت بەرامبەر بەغداد.

‎لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، چەند پێشنیار خراوەڕوو بۆ چارەسەرکردنی مووچە، یەکێک لەوانە بانگکردنی وەزیرە کوردەکانە لە بەغداد لەگەڵ سەرۆک لیستەکان بۆ شاری هەولێر و ڕوونکردنەوەی پێویستیان پێ بدرێت و بڕیارێک لەسەر ئەم پرسە بدەن.

‎یاخود ڕێگەیەکی دیکە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی واتە کونسوڵخانە و باڵیۆزخانە و نوێنەرانی دیپلۆماسی لە هەولێر و بەغداد ئاگاداربکرێنەوە لەسەر پێشیلکردن ماف کورد لەلایەن عێراق.

‎دوای ئاگادارکردنەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان شاندێکی هەرێمیش بچێتە بەغداد و دوای ڕوونکردنەوەی هەموو شتێک دواین قسەیان لێ وەرگرێت. ئەگەر بەغداد بەردەوام بێت لەسەر زەوتکردنی مافەکان ئەوا هەرێم هەڵوێستی توند وەردەگرێت.

‎کۆتا ئەگەر و گرنگترین هەڵوێست ئەوە دەبێت کە وەزیرەکان لە بەغداد و پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێنەوە، قوباد تاڵەنیش ڕایگەیاندووە کە پشتیوانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەکات.

‎بەپێی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵ کە بڕی 11 تریلیۆن و 576 ملیار دینارە.

‎بەڵام لەو بڕە پارەیە، تەنیا 10 تریلیۆن و 752 ملیار دینار بۆ هەرێم خەرجکراوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی لە داهاتی ناوخۆ کورتهێنانی مووچەی فەرمانبەرانی پڕکردووەتەوە.

‎هەرچییەک لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە، بۆ خەرجیی بەکاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پرۆژەکانی وەبەرهێنان خەرجکراوە.

‎بەڵام بۆ ئەمساڵ بڕیارە چیتر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام نەبێت، تەنانەت ڕەنگە کشانەوەی هێزە کوردییەکانی لە بەغداد لێبکەوێتەوە، مەگەر ئەوەی بەغداد چیتر یاری بە قووتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکات و وەک کارتی سیاسی بەکارینەهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP