هەرێم نیوز
بیستى ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری دووەم پێدەنێتەوە کۆشکى سپی، چوونەژوورەوەى ئەمجارەى جیاوازترە لە پێشوو، لەسەردەمی بایدن دا کۆمەڵێک کێشە و قەیرانى ناوخۆیی و دەرەکی بۆ سیاسەتەکانى ئەمریکا هاتنە پێشەوە کە لە کاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا ترەمپ بە ئاشکرا دەیگوت ئەگەر من سەرۆک بوومایە ئەوانە روویان نەدەدا، هەر لەو کاتەشدا بەڵێنە ئەوەیدا کە چارەسەری گونجاویان بۆ دەبینێتەوە، دیارترین کێشەش بوونى جەنگەکانى روسیاو ئۆکراین، ئیسرائیل و وڵاتانى ناوچەکە، جەنگی ناوخۆیی سودان و ئەگەری تێوەگلانی هەندێک لە وڵاتانى دیکەیە.
جەنگی روسیا و ئۆکراین:
لە 22ـى ئۆکتۆبەرى ساڵی 2022 هەڵگیرساوە، هۆکارەکانی تاکڕەویی روسیا و لەڕیشەوەدەرهێنانى شیوعیەت بوو لە ئۆکراین، خواستى چوونە نێو هاوپەیمانى ئەتڵەسى -ناتۆ- ئەوروپا لە لایەن ئۆکراین، بەگوێرەى سەرچاوەکان زیانی روسیا لە رووى کوژران و برینداربوونەوە چەند بەرامبەرى زیانەکانى ئۆکراینە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڵاویانکردووەتەوە زیاتر لە نۆ ملیۆن کەس لە هەردوولا ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون، نزیکەى 11 هەزار سڤیلیش لەو نێوەندەدا گیانیان لەدەستداوە و تەنها لە سنوورى ئۆکراینەوە زیاتر لە 600 منداڵ گیانیان لەدەستداوە. ئابورى ئۆکراین بەڕێژەى 80% پاشەکشەى کردووە، تا کۆتاییەکانى ساڵی 2024 یش زیاتر لە پێنج سەد ملیار دۆلار خەرجی جەنگەکە بووە لە لایەن ئۆکراینەوە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن زیانەکانى روسیا دوو بەرامبەرى ئەوەى ئۆکراینە.
پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ ترەمپ بۆ چارەسەرى ئەم کێشەیە چی پرۆژەیەکی هەیە، ئاخۆ بەردەوام دەبن لە پشتیوانى ئۆکراین یان پشتى تێدەکەن، هەرکامێکیان بێت دەبێت ترەمپ لەو بارەیەوە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، بە هەرلایەکیشدا بێت دەبێت باجی ئەو بڕیارە بدات وتا ئێستاش روون نییە بڕیارەکەى بەچ ئاراستەیەک دەبێت.
جەنگی ئیسرائیل و ئەوانى تر:
هەرچەندە دۆسیەی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتاندا فرە جەمسەر و رەهەندە، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت پێکەوە دۆسیەیەکى هاوبەشیان بۆ بکرێتەوە، ریزبەندی وڵاتان لە لایەن ئیسرائیلەوە وەک ریزبەندییەکەى ئەمریکا نییە لە جەنگی دژەتیرۆری 2001 دا، رەش و سپى نییە، ئەوە نییە یان لەگەڵمى یان لە دژمی، ئیسرائیل کێشەى لەگەڵ ئەو هێز و وڵاتانەدا هەیە کەلەبەردەم پرۆژەکانیدا دەوەستنەوە، یان هێرش دەکەنە سەری، لەو جەنگەدا کە لە 7ـى ئۆکتۆبەرى 2023ـەوە بەردەومی هەیە، زیاتر لە 90%ـی شارى غەزەى وێرانکردووە، ژمارەى کوژراوەکان بەرزتردەبنەوە، بەشێکى تری پەیوەندی بە لوبنان و حزبوڵاوە هەیە و لە ئێستادا بەڕێگەى ئاگربەستێکى کاتى کەمێک کشوماتى بەخۆیەوە بینیوە، ئەوە جگە لە هێرشەکانى سەۆ حوسییەکان و ئێران و سوریا، نیگەرانییەکانى جیهان بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات، زیانە مادییەکانی ئەو جەنگە بەگوێرەى سەرچاوەکان نزیکبووەتەوە لە 50 ملیار دۆلار، جگە لەو هەموو زیانەى کەبەر هاووڵاتیان و حکومەتەکانى دیکە کەوتوون، ئاخۆ ترەمپ لەم کەین و بەینەشدا کامیان هەڵدەبژێرێت بەردەوام بوونى جەنگ و پشتیوانى لە فراوانخوازییەکانى ئیسرائیل و لە رێگەیەشەوە وڵاتانى دیکەش دەگرێتەوە کە بەربژێرتینیان عێراق، ئێران و یەمەنە، یان ئەوەیە لەم ئاستەدا دەیوەستێنێت و دۆخەکە هێوردەکاتەوە.
جەنگی سودان و بێدەنگییەکى مەترسیدار:
هەرچەندە میدیاکان جاروبار لەبارەى جەنگی سودانەوە قسەوباسێکیان هەیە، بەڵام ئەو بایەخەى بۆ جەنگی غەزە، لوبنان، یەمەن و ئەگەرى هێرشکردنە سەر وڵاتانى دیکە لە لایەن ئیسرائیلەوە لە ئارادایە، نیو ئەوەندە گرنگی بەجەنگی خوێناوى سودان نادرێت، هۆکارەکەشى هێشتا بەتەواوەتى روون نییە. جەنگی ناوخۆیی سودان لە 15ـى نیسانى ساڵی 2023 ـەوە سەریهەڵداوە، لەنێوان هێزە سەربازییەکانى سودان بەسەرۆکایەتى عەبدولفەتاح بورهان و دەعمی قواتى سەریع بەسەرۆکایەتى حەمیدتى، بەگوێرەى سەرچاوەکان میسر و ئۆکراین پشتیوانى لەبەرەى یەکەم دەکەن و لیبیا و چاد و ئیمارات و گروپەکانى ڤاگنەری روسیش پشتیوانى لە دەعمی سەریع دەکەن، بەگوێرەى سەرچاوەکان نزیکەى 20 هەزارکەس لە هەردوولا کوژراون و نەتەوەیەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە لەسەر ئاستى ناوخۆ زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس ئاوارە بوون زیاتر لە مێلیۆنێک 400 هەزار کەسیش وڵاتەکەیان جێهێشتووە و داواى پەنابەرییان لە وڵاتانى دیکە کردووە.
ئەمە ئەو دۆسییە جەنگی و هەستیارییانەن کە لەبەردەم ئیدارە نوێیەکەى ترەمپدایە، ئەوە سەرەڕاى ئەوەى ئەگەرى تێوەگلانى وڵاتانى دیکەش هەیە، جگە لەوەى هێزەکانى روسیا لە سوریا چارەسەریان چۆن دەبێت و ئایا ئێران رازیی دەبێت بە پچڕانى دوو حەڵقە لەو زنجیرەیەى کە پێى دەگوترێت هیلالی شیعی، ئایا هەروا بە بێدەنگی دادەنیشێت، ئەوەلە کاتێکدا لە دەستپێکى گۆڕانکارییەکانەوە ئێران بەردەوامە لەوەى ئەوانەى تازە هاتوونەتە سەر کار تەمەنیان درێژنابێت و لاوانى ئەو وڵاتە خۆیان و ئاڵاکەشیان دەخەنە ژێر پێ...