دواین هەواڵ

"ئاسۆکانی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا: هەڵوەشاندنەوەی قەیران و ڕوانینی داهاتوو"

‌د. هۆشیار موزەفەر عەلی

9 کاتژمێر پێش ئێستا

"نابێت دەستوور پشتگوێ بخرێت وەک ئێستا ڕوودەدات، بەڵکو دەبێت بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت و سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق بە شێوەیەکی کردەیی و ڕاستەقینە فیدراڵی بێت"، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا وەھای راگەیاند.

سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا تەنها دیدارێکی سیاسی کاتی نییە. بەڵکو جووڵەیەکی ستراتیژییە لە ساتێکی چارەنووسسازدا کە کاریگەری لەسەر داهاتووی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هەیە. سەردانەکە لە کاتێکدا دێت کە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم قووڵ بووەتەوە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرژی قووڵتر لە نێوان ناوەند و هەرێم کە لە کێشە داراییەکان تێدەپەڕێت و دەگاتە بنەماکانی پەیوەندی فیدراڵی لە نێوان هەردوولا.

قەیرانی دارایی وەک ناوەندی ناکۆکی

قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنها ناکۆکییەکی دارایی نییە. بەڵکو دەرخەری ململانێیەکی قووڵترە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و سامان لە نێوان ناوەند و هەرێم. حکومەتی فیدراڵی پاساوی دەستووری دەهێنێتەوە بۆ دواخستن یان کەمکردنەوەی مووچەکان، لە کاتێکدا هەولێر ئەم هەنگاوە بە هەوڵێک بۆ سەپاندنی هەژموونی سیاسی بەسەر هەرێم و لێسەندنەوەی سەربەخۆیی داراییدا دەبینێت.

لەمەشدا ستەمێکی گەورە لە هەرێم و گەلەکەی دەکرێت.

سەرەڕای ئەمەش، ناکرێت قەیرانەکە بە دوور لە چوارچێوە سیاسییە فراوانەکە ببینرێت. ناوەند مامەڵە لەگەڵ هەرێم بە ڕوانگەیەکی نادادپەروەرانە دەکات کە قەیرانی متمانەی بەسەردا زاڵە، کە تێیدا داواکارییەکانی هەرێم بە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری عێراق دادەنرێت. هەولێریش مامەڵە لەگەڵ ناوەند دەکات وەک لایەنێک کە پابەند نییە بە بەڵێنە دارایی و سیاسییەکانی، کە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئابووری هەرێم.

ستراتیژی نێچیرڤان بارزانی: لە نێوان دانوستان و بەھێز لە دەسکەوت دا

سەرۆکی هەرێمی کورستان، نێچیرڤان بارزانی ڕووی دیپلۆماسی و پەیوەندی لەگەڵ بەغدایە. پشت بە دیالۆگی درێژخایەن دەبەستێت لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ. بۆیە جموجۆڵە دواییەکانی بەتایبەت سەردانی ئێستای ستراتیژیەتێکی فرەڕەهەند پیشان دەدات:
• دەرخستنی ستەملێکراوی: نێچیرڤان بارزانی تیشک دەخاتە سەر ئەو ستەمەی لە هەرێم دەکرێت، بە بەکارهێنانی زمانێکی مافخوازی و مرۆیی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕای گشتی عێراقی دەکاتە ئامانج.
• بەهێزکردنی دیالۆگ: هەوڵ دەدات هێڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا کراوە بهێڵێتەوە، پشت بە هاوپەیمانێتی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکی دەبەستێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر هەرێم.
• داڕشتنەوەی پەیوەندی: سەردانەکە تەنها بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە نییە، بەڵکو بۆ دیتنی ئاسۆیەکی نوێیە بۆ پەیوەندی نێوان ناوەند و هەرێم، لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینە.

بەڕێوەبردنی قەیران: لە نێوان ناوخۆ و دەرەوە

یەکێک لەو خاڵە بەهێزانەی کە نێچیرڤان بارزانی هەوڵ دەدات وەبەری بهێنێت یەکخستنی لایەنە کوردستانییەکانە لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان. سەرەڕای ئەمەش، دابەشبوونە ناوخۆییەکان لە هەرێم بەربەستێکی ڕاستەقینەن لە بەردەم بەهێزکردنی هەڵوێستی کورد لە بەغدا.

لە دەرەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەوڵ دەدات پشتگیری ویلایەتە یەکگرتووەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی تر بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستی هەولێر لە بەغدا بەکار بهێنێت. بەڵام دەزانێت کە چارەسەر دەبێت لە پلەی یەکەمدا کوردی-کوردی بێت بەپێی دیدی حکومەتی هەرێم و پارتی و بیرۆکەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی و ئەو ڕێبازەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی گرتوویانەتە بەر. بۆیە، نێچیرڤان بارزانی پشت بە دروستکردنی هاوبەشی لەگەڵ هێزە کاریگەرەکانی عێراق دەبەستێت بۆ دروستکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی کە ڕێگە بە هەرێم بدات مافەکانی بپارێزێت.

تێڕوانین بۆ داهاتوو: ئایا چارەسەری هەمیشەیی هەیە؟

سەردانەکە هەنگاوێکە بەرەو چارەسەرکردنی قەیرانەکە، بەڵام چارەسەری کۆتایی نییە. ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی نێچیرڤان بارزانی دەبنەوە پێویستیان بە ستراتیژیەتێکی درێژخایەن هەیە کە ئەمانە دەگرێتەوە:
• چاکسازی ناوخۆیی لە هەرێم: کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بەغدا لە ڕێگەی بەهێزکردنی ئابووری ناوخۆیی و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات.
• دووبارە دانوستان لەسەر جێگیرکردنی بنەما دەستوورییەکان: فشار بۆ دووبارە لێکدانەوەی ماددە دەستوورییەکانی پەیوەست بە دابەشکردنی سامان بە شێوەیەک کە مافەکانی هەرێم دەستەبەر بکات.
• بەهێزکردنی هاوپەیمانێتییە نیشتمانییەکان: دروستکردنی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی عێراق بۆ بەدیهێنانی هاوبەشییەکی هاوسەنگتر.

لەبەر ئەوە سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا تەنها جووڵەیەکی سیاسی نییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان ناوەند و هەرێم لە ژێر ڕۆشنایی بەربەستە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. ئەو پشت بە توانای خۆی دەبەستێت بۆ هاوئاهەنگکردنی نێوان داواکارییەکانی هەرێم و فشارەکانی ناوەند، لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگی نێوان دیپلۆماسیەت و پتەوی و ئەوەش ستراتیژیەتێکی سەرکەوتووە بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کە لە یادی ٧٨ ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا ئەو بەربەستانەی دیاری کرد کە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە و دانوستانیان لەسەر دەکات: "هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ڕووبەڕووی پێشهات و بەربەستی گەورە دەبنەوە. وەک چۆن پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵ و ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرەکی هەبووە لە خەبات و شۆڕش و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، ئێستاش و بۆ هەمیشە پێشەنگە لە بەهێزکردنی ئاشتەوایی و یەکڕیزی و پێکەوەژیان و قبوڵکردنی یەکتر و لێبوردەیی و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان"، ئەمەش هێزێکە لە هێزەکانی نێچیرڤان بارزانی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP