پرژ و بڵاوی حەشیمەتی جوولەکە لە جیهاندا و بانگەشە نەکردن بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر ئەو ئاینە، دوو هۆکاری سەرەکین بۆ کەمبوونی حەشیمەتی جوولەکە. هەر منداڵێک لە دایکێکی جوو لە دایک ببێ لە راستییدا وەکوو جوو حەسابی بۆ دەکرێت کە ئەو دیاردانەو و زۆر تایبەتمەندی دیکە، داخراوی و رەگەزپەرەستی و بەرتەسک بوونی ئەو ئاین و نەتەوە نیشان ئەدات. یەکێ لە رەمز و هۆکارەکانی مانەوەی ئەو ئاینە لە پرگنە و ئاوارەیی هەزاران ساڵەدا، ئەوە بووە کە ئەگەر جوولەکەکان وەکوو کەمینە فێری زمانی گەلانیتر بوون بەڵام نەهێنی و رەمز و کۆدە دینییەکانی خۆیان لە لای کەس نەدرکاندووە.
بە هەر حاڵ لە ئیستەدا جوولەکە سەرەڕای وڵات و ژیئۆپۆلیتیکی بچوک، بەڵام بە ئاشکرا و نەهێنی و بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەسەڵاتی رێژەیی بە سەر ناوەندە گرنگ و بریاردەرەکانی جیهاندا هەیە و لە ئەمریکاشدا زۆرترین لۆبی پێوەندی بە ئیسرایلەوە هەیە. روداو و ئاڵوگۆرەکانی رۆژهەڵات ناوین هەر هەمووی لە ژێر چاوەدێری ئیسرایل دایە و تەنانەت "گروپی گوشار" لە ئەمریکادا کە جوولەکەن، کونترۆڵی هەموو بریارەکانی ئەمریکا لە سەر رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەکەن. لە دوای گەردەلوولی ئەلئەقسا ئیسرایل بەردەوام سەرکەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە و لە دواین دەسکەوتدا لە عێراقدا بە هەرەشەیەکی توند حەشدی شەعبی هەڵوەشاندەوە. ئیسرایل هەر لە سەرەتای دامەزرانەوە هەتا ئیستا سەرکەوتنی بەو جۆرەی بە سەر دوو رەوتی شێعە و سونەدا بە دەست نەهێناوە. گەلی ئیسرایل هەتا ئەو کاتەی دەوڵەتی سەربەخۆیان لە ساڵی 1948دا پێک نەهێنابوو لە هەموو وڵاتانی ئیسلامییدا ئازادانە دەژیان و رێورەسمی ئاینی خۆیان بەرێوە دەبرد بەڵام درووستکردنی دەوڵەتی زایۆنی لە سەر بیرۆکەی تیئۆدۆر هیرتزل هەموو هاوکێشییەکانی گۆری و دۆژمنایەتییەکی هەتاهەتایی و نەبراوە خستە نێوان دنیای عەرەب ــ جولەکە و ئیسلام ــ جولەکەوە. سەرکەوتنی ئیسرایل لە بەرەکانی شەردا ، دوو بیرۆکەی ناوچەیی خستۆتە بەردەم ئیسرایلەوە. "کۆریدۆری داود" و "رۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێ" دوو بیرۆکەی گرنگن بۆ گۆرینی دیزاینی سیاسی ناوچەکە کە ئیسرایل و وڵاتانی رۆژئاوایی بە چری کاری بۆ دەکەن. پشتیوانی بێ مەرجی ئەو دوو بیرۆکەیە تەنیا کوردەکانن . وڵاتە زلهێزەکانی ناوچەکە وەک تورکیا، ئێران، عەرەبستان و پاکستان لە بەردەم ئەو گۆرانکارییانەدان و بە توندی بەرپەرچی دەبنەوە. لە راستییدا چەندە سەرکەوتن لە ئارادایە ئەوەندەش ئاستەنگ هەیە. گۆرانکاری و ئاڵۆزی لە وڵاتانی زلهێزی ناوچەکەدا لە ماوەیەکی زەمەنی کەمدا لە بەرژەوەندی رۆژئاوا و ئەمریکادا نیە چوونکا لەو حاڵەتەدا
ــ هەناردەکردنی وزە
ــ کۆچ و هەڵاتن بۆ رۆژئاوا
ــ راوەستانی کەرتی بازرگانی
ــ سەقامگیر بوونی زیاتری روسیا لە رۆژهەڵاتی ناویندا ــ و،،،،،
وڵاتانی پێشکەوتووی رۆژئاوا تووشی ئاستەنگ و قەیران دەکاتەوە. لێرەدایە کە وڵاتانی رۆژئاوایی لەو قۆناخەدا پشتیوانی ئیسرایل ناکەن بەڵام سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی و پرسی ئەتۆمی زەختی سیاسی و ئابووری بە تایبەت بایکوتەکان دەگەیەننە تەشقی خۆی.
ماشینی جەنگی ئیسرایل و (ناتۆ ) لە بزوتن دایە و هەر ئیستە لە هەوڵی یەکلاکردنەوەی حووسییەکانی یەمەندان. لە دوای یەکلاکردنەوەی حووسییەکان و دەسبەکاربوونی دەوڵەتی ترەمپ پرسی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی دەبێتە رۆژەڤ. هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی لەو چاخەدا چارەنووسی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوین دیاری دەکات. ئێران وەک ستراتیژیکترین هەڵکەوتی جوغرافیایی و ژیئۆئیکۆنۆمیکی ناوچەکە، گرنگترین رۆڵی لە سەقامگیری یا ئاڵۆزییدا وڵاتانی دراوسێدا هەیە و دەبێت.
کۆتا سەرئەنجام:
هەر ئاڵوگۆرێک لە ناوچەکەدا بە قازانجی کوردە و بێگوومان پشتیوانی ئیسرایلی بە دواوە دەبێت. گەلی کورد پێرەوی ئاینی ئیسلامە و بەشێکە لە کۆمەڵگای ئیسلامی و هەروەها لە ناو هەموو رەوتە ئیسلامییەکاندا بە تایبەت رەوتی نوێ(تەحریرولشام ) بەشداری چالاکییان هەیە. ئیسرایل بۆ رەواندنەوەی مەترسی ئیسلامی سیاسی کوردی، پشتیوانی لە رەوتی سیکۆلاریزم و بە تایبەت چەپەکان دەکات. ئەگەر لە رۆژئاوای کوردستان ئەمریکا پشتی دەسەڵاتی خۆسەر چۆڵ بکات ئەوە ئیسرایل مەجبوورە دەست لە پشتیوانی کوردەکان هەڵنەگرێت چوونکا سەقامگیربوونی دەوڵەتی ئیسلامی لە سنوورەکانی ئیسرایلدا چەن بەرابەر دەسەڵاتی رابردووی ئەسەد مەترسییدارترە. ئەوەش لە بیر نەکەین کە پشتیوانی ئیسرایل لە دەسەڵاتی خۆسەر وەکوو پشتیوانی ئەمریکا رەوایی و کاریگەری نیە و یارمەتییەکان تەنیا لە بواری ماڵی و چەکوچۆڵدا دەبێت. لێرەدایە کە دەسەڵاتی خۆسەر دەبێ بێجگە لە ئەمریکا بە هاریکاری هەولێر هەوڵ بۆ راکێشانی سەرنج و یارمەتی وڵاتانی ئوروپایی و ،،، بدات.