بەعسییەکانی سوریا هێجگار نهێنی قایم بوون، ئەمەشیان بە پەروەردەیەکی حزبی و هەواڵگیرییەکی ورد بەدەست هێنابوو، دەسەڵاتی سوریا بریتی بوو لە هەوڵ و ڕایەڵەو تەدابیری ئیستخبارات( هەواڵگیری) لە 53 ساڵی ڕابردوودا، زیندانەکانیان نەک تەنیا وەک فەزای زیندانیکردن بەڵکو وەک ئامرازی سڕینەوەی دەروونی و جەستەیی دژی نەیارانیان بەکارهێناوە. ئەم گۆشە تاریکانە تەنها جەستەی کەسەکانیان ڕانەگرت، بەڵکوو کات و یادەوەری و ڕاستییەکانیشان دەوەستاند.
پیاوێکی لوبنانی بەناوی (حەسەن علی)کە بەهۆی شکاندنی پەیکەری حافز ئەسەدەوە لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا بەگەنجی زیندانی کراوە ، دوای چل ساڵ و لە هەشتی دیسەمبەری 2024 بە تەمەنێکی بەناوکەوتوەوە دێتەوە سەرزەوی، دێتەوە جیهانێک کە ئیترلای ئەو بوونی نییە.
یان ئەوفڕۆکەوانەی ناوی (ڕەغید ئەحمەد تەتەری) یە، کە لە بیستەکانی تەمەنیدا سەرپێچی کردبوو، ئامادە نەبوو، لە ئەرکی فڕۆکەوانی سەربازیدا کەسو کارەکەی لە شاری (حەما) بکوژێت، لەبری ئەم سەرپێچییە چل و سێ ساڵ لە ژیان دادەبڕێت، کات و واقعی لێ وەردەگیرێتەوە، هەموو ئەمانە بۆ ئەو دەبنە شوێنەواری ڕابردوو.
کات لەناو دیوارەکانی زیندانەکاندا دەوەستێت، جیهانی دەرەوە دەگۆڕێت و قوربانیدانیەکانیش نەبینراو دەبن، ڕزگاربوونیان تەنانەت چل پەنجا ساڵ دواتر، زەبر و زەنگە چارەسەرنەکراوەکان و ڕاستییە نەنێژراوەکان بەئاگا دەهێنێتەوە.
زیندانەکانی ئەسەد بۆ نیو سەدەی تەواو ژیانی هەزارانیان وەستاند، خێزانەکانیان لە دۆخێکی نادیاردا جێهێڵران، لە قەلەقیدا دۆسییەکانیان بێ بڕیاری مردن و ژیان مانەوە.
دیکتاتۆرەکان زیندان دروست دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن نەمری خۆیان و سەلامەتی پەیکەرەکانیان بە پێوە دەمێننەوە. پەیکەرەکان باس لە بوونی هەموو شوێنێک دەکەن، لە کاتێکدا زیندانەکان لە ڕێگەی ترسەوە حیکایەتی پشت پەیکەرە ئازاکان بەزۆر دەیسەپێنن. پەیکەرو زیندان پێکەوە دەبنە ڕەمزی دەستبەسەرداگرتن، یەکیان دیار وئەوی دیکەیان نەبینراوە.
لە کتێبی دوورگەکانی گولاگدا، ئەلێکساندەر سۆلژنیتسین ئاشکرای دەکات کە چۆن زیندانەکانی ستالین زیندانییەکانیان کردووە بە کەسانی دابڕاو) کە لە بۆشاییی کاتیدا هەڵپەسێردراون.
زیندانەکان ببوون بە شوێنێک کە هەرگیز بۆ زیندانیەکان کاتی لێ نەبوو،تەماشای (ڕاپۆرتی ڕێتیگی شیلی) بکە کە شیلی سەردەمی پینۆشێی بە دۆکێۆمێنت کردووە.
لە ڕۆمانی (دیسیپلین و سزای میشێل فۆکۆوە) تا (مەزرای ئاژەڵانی جۆرج ئۆروێڵ لە ساڵی ١٩٨٤) لە مێژە خۆسەپاندنی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان لە ڕێگەی چاودێری و زیندانیکردنەوە دەناسێنن.
مانەوەی (ڕەغید ئەحمەد) و(حەسەن علی) ودەیانی دیکە سەلمێنەری خۆڕاگری ڕۆحی مرۆڤە، لە هەمان کاتدا ئەو سێبەرە گرانانەیشمان پێشاندەدات کە ڕژێمە تاکڕەوەکان دروستی دەکەن.
پیاوێک ئازاد کرا بە چەشنێک لە زەمەن دابڕاوە ڕێک وەک ئەوەی مردوویەک زیندوو بووبێتەوەو نەزانی چۆن زەینی بە ئەمڕۆ گرێ بدەیتەوە.
ئەو باوەڕی بەوە هەیە کە حافز ئەسەد عەلەوی هێشتا حوکمڕانی دەکات و لەوانەیە سەدام حوسێن ی سوننی بوبێتە هۆکاری ئازادکردنی.
کاتێک ئەو گیرا بنەماڵەی ئەسەدو سەدام لە بەریەککەوتنێکی توندا بوون، ئیتر بۆ حەسەن علی ژیان لە وێ وەستا، ئەمە ئیرۆنی دڕندەی ئەو ڕژێمانە بەرجەستە دەکات کە نەک تەنها ساڵانێک لە تەمەنی خەڵکیان دزی بەڵکو هەستکردن بە واقیعیشیان دزی.
وێنا بکە دوای چل ساڵ مردوویەکت هێنابێتەوە ژیان، ئەمە ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی سوریال دەخوڵقێنێت، پیشانی دەدات کە جیهان هیچ وەک خۆی نەماوە.
کاتێک ڕەغید ئەحمەد شێردرایەوە، لەسوریا ئینتەرنێت نەبوو ، تەنانەت ساڵی 96 و 97 لەسوریا، کەم ماڵ فینکەرەوەی سادەیان هەبوو، نەخاسمە ساڵی 1982, بۆیە حەسەن و ڕەغید هیچ ئاشنایی ئەزموونێکیان لە ئینتەرنێتدا نییە، کەسێک لە43 ساڵ لەمەوبەر هیچ چەمکێکی پەیوەندی خێرا، سۆشیال میدیا، یان کۆگایەکی فراوانی زانیاری بە شێوەی ئۆنلاین گوێش لێ نەبووە.
ئەوان کە ئازاد بوون، ئەوەندەی هەڵسوکەوتی جیاوازی خەڵک ومۆبایل و ئامرازەکانی بەردەستیان مەندەهۆشی کردبوون شتەکانی دیکە سەرنجیان نەدەبردن.
گۆڕانکارییە کولتوورییەکان
نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە ڕەگەزی نێرو مێ وناسنامە گۆڕانکارییەکی گەورەیان بەسەردا هاتووە. زۆری تر نابات، دەبینێت کچ یان کوڕی فڵانەکەس ڕەگەزی خۆی گۆڕیوە، باسێکیشی لە سەر شڵەژانی دەروونی گوێ لێ دەبێت، لەوانەشە خەڵکانێک هاتبنە سەر جادەو داوای مافی خۆیان بکەن و کاتێک پێی دەڵێیت تۆ لەزیندان مافت نەبوو، ئەمانەش هاتوون داوای مافی زیاتر بۆ هاڕەگەزبازی دەکەن ئاسان نییە لە چیرۆکی پەرەسەندنەکە تێبگات، لە دوژمن بوونی ئیسڕائیل تێدەگات، بەڵام نازانێت دەتوانێت مۆبایلە زیرەکەکەی ماڵەکەیان لە ڕێگەی فریکوێنسێکەوە بە ڕوویاندا بتەقێنێتەوە.
ئەو کە نازانێت سەرکردەکانی وەک حافز ئەسەد و سەدام و موبارەک و قەزافی زەینعابیدین نەماون، بەدڵنیای ناشزانێت کە ئایدۆلۆژیاکانی کۆمۆنیزم و یەکێتی سۆڤیەت بوونبەشتێک زۆرێک لە جیلی ئەم سەردەمە گوێیان لێ نەبووە.
ڕەنگە سەرسوڕمانی ئازادبوەکان ئیلهامبەخش بێت بۆ ڕەنگدانەوەی فەلسەفی و وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەی کە مرۆڤەکان چۆن خۆیان لەگەڵ گۆڕانکاریدا دەگونجێنن؟ ئەرێ ناسنامەیەک کە دەیان ساڵ خەوتووە چۆن دێتەوە ئەمڕۆ؟ لە کاتێکدا ئەم سیناریۆ گریمانەییە ڕوونی دەکاتەوە کە سەرلێشێواویی بەهۆی گۆڕانکارییەوە دروست دەبێت لە هەمانکاتیشدا لە بێڕوحمانەترین موختەبەردا جەخت لەسەر خۆڕاگری و توانای مرۆڤایەتی بۆ خۆ گونجاندن دەکاتەوە.
شۆکی دەست پێکردنەوەی کات
لە جەنگی دووەمی جیهانیدا سەربازێکی یابانی بە ناوی
هیرۆ ئۆنۆدا، ٢٩ ساڵ لە جەنگەڵەکانی فلیپین خۆی حەشاردا، بێ ئاگا لەوەی جەنگەکە کۆتایی هاتووە. لە ساڵی ١٩٧٤ خۆی ڕادەست کرد،
لە 2021 لە نێوان فەرەنسا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، بەلجیکا، ئیتاڵیا و کەمبۆدیا ژیانی (ئۆنۆدا) کراوەتە فلمێکی سەرنج ڕاکێشی نێودەوڵەتی کە لە دەرهێنانی (ئارسەر هەراری) و نووسینی (ڤینسنت پۆیمیرۆ) بە هاوکاری (بێرنارد) ئۆنودا ئەنجامدراوە.
چیرۆکی ئۆنۆدا وەک چیرۆکەکەی حەسەن ی لوبنانی و ڕەغید سوری کە زیاتر لە چوار دەیە لە ژیان دابڕێنراون و لای ئەوان کات وەک خۆی وەستاوە، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە چۆن گۆشەگیری بە بەرنامەو بیروباوەڕی چەقبەستوو دەتوانن واقیع بشێوێنن.