دواین هەواڵ

کورد و شەڕی نفوزی وڵاتان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا !

‌محەمەد خۆشناو

9 کاتژمێر پێش ئێستا

لەو بوومەلەرزەیەی کە بەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوت کە بەهۆئ « 7 »ی ئۆکتۆبەری کەوتنی « غەززە » و « 10 »ی سیبتێمبەری کەوتنی « سوریا » و لەنێویشیاندا « حزب الله » و پاشان ئەو لەرزینە دەگاتە وڵاتانی تریش ،  گەورەترین زەرەرمەند کۆماری ئسلامی ئێران بوو کە بووە مایەی تێکشکانی هیلالی شیعی و ناوچەکانی نفوزی و ، سوودمەندی سەرەکیش ئیسرائیل و تورکیا و ئەمەریکا بوون ، ئەگەر ئێمە بە مێژووی ململانێی ناوچەی نفوزی نێوان تورکیا و ئێران-دا بچینەوە دەبینین هەر لەشەڕی «چاڵدێران-1514 » لەنێوان هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی سەفەوی و تادەگاتە ئێستا ، تورکیا براوە بووە و دەسەڵاتدارانی کوردیش لەبەر بەرژەوەندی تەسک و ململانێی ناوخۆ  بەسەر هەردوو دەوڵەتی ئیقلیمی دابەشبوونە و  وەک مەقاش دژی یەکتری بەکارهاتوون و دواجار کەوتۆتە بن دەست و پێیان ،

لەنەوەدەکان و دوای داڕمانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو ، تورکیا و ئێران گەورەترین کێبڕکێیان لە مێژووی نوێ لەنێوان یەکتریدا ئەنجامدا بۆ قۆستنەوەی نفوز و سەرلەنوێ ڕەسمکردنی نەخشەی هاوپەیمانێتیی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و باشووری قەوقاز ، تەهران بەسیاسەتی بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعی و ، ئەنقەرەش بەوەرەقەی ئابووری و ناردنی بزنسمانی تورک بە پارە و پڕۆژە بۆ ئەو وڵاتانەی کە زۆر پێویستیەتی ، لێرەشدا ئێران لەو جەولەی شەڕەدا دۆڕا و تورکیا بە نفوزی سیاسی و ئابووری بردیەوە ، دوای «2003» و ڕوخانی ڕژێمی بەعس ، تاران ئەو هەلە زێڕینیەی قۆزتەوە و توانی نفوزی هێز لە عێراق و لوبنان و فەڵەستین و یەمەن و بەشێک لە کورد بدورێتەوە ، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران نەیاتوانی بەڕێکی ئیدارەی ناوچەکە بکەن و دەستیانکرد بە دروسکردنی پشێووی و تەشقەلەکردن و گووشارخستنە سەر ئەو وڵات و لایەنانەی لە دەروەی نفوزی ئەون و پڕچەکردنی ملیشیاکانی و هەڵکوتانە سەر ئیسراێیل ، ئەوە بوو هەر دوای حەفتی ئۆکتۆبەر لێدان لەسەر لێدان بەر نفوزی کەوت ، کە دواجار کەوتنی ئەسەد بوو کە کە کەوتنێکی سیاسی بوو نەک سەربازی ، چونکە هێزی چەکداری لە دەرەوە پاڵپشتیدەکران و نەچوونە ناو ململانێی سەربازی لەگەڵ سوپا ،

ئەو سوپایەی کە بەویستی خۆی شوێنەکانی بۆ ئۆپۆزۆسیون جێهێشت و ، توانیان بگەنە دیمەشق و بەشار ئەسەد ڕاونێن کە چاوی کوێر بوبوو لە بینینی کۆتایی ئەوانەی کە خۆیان بە کورسی حوکمڕانی وەنووساندبو و کەس خەمی بۆ ڕۆیشتنی نەخوارد ، لێرەوەش و ئەو چەندین ساڵە لە سوریا کورد نەیزانی ئەو فورستە بقۆزێتەوە گۆشەگیریەکەی بشکێنێت  و  لەوناوەش هەمدیس تورکیا بردیەوە و لایەنگرانی گەیشتنە دیمەشق و ئەو لایەنگرانەی کە تا دوێنێ تیرۆریست بوون کەچی ئێستا پاداشتی دەکەن بۆ ئەدای باش و ووردیی جێبەجێکردن ، لەوبڕوایەدام هێشتا گەمەکە تەواو نەبووە و ئیسرائیل ئەوە قبوڵناکات ئەو پیازەی کە بەسپیکراوی ئامادەیکردووە خەڵکی تر بیخوات و لێشناگەڕێت هیچ وڵاتێکی تر وەک جارانی ئێران بێتە سەرسنوورەکانی ، لەلایەکی تر کە دیمەنی ئێستای سوریا دەبینم کە پڕبووە لە زەلامی ڕیشداری درێژ و ئەو هەموو لایەنە چەکدارە ،

وایدەبینم کە ئاگربەسێکی کاتیی بێت و وەرزێکی نوێ لە شەڕی ناوخۆ و خۆسەپاندنی تاکلایەنەی لایەنێکی توونڕۆ بۆسەر دەسەڵات دەستپێبکات و ئەو وڵاتە بەرەو دۆزەخ ببات ، ئەمە جگە لەوەی کە «20» پێکهاتە و ئایین و ئاینزا و تائیفە و نەتەوە و دەیان هێزی چەکداری ئەو وڵاتەی تەنیووە لەنێویشیاندا « دەستەی تحریری شام » کە دەسەڵاتی تاکلایەنەی هەیە و کراوە نابێت بۆسەر ئەو هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەب و تائیفە و حزب و ڕەت و ، لەنێو هەموو ئەمانەشدا چۆن دەستورێک دادەنرێت کە ڕەزامەندی هەموو لایەک بەدەستبهێنێت لە کۆمەڵگەیەکی وا فرە و جیاوازی تووند لەسەر ناسنامە و مەرجەعیەتەکەی ، ئا لەنێو ئەو هەموو تەڵە و بۆمب و پیلانگێڕیدا کورد هێشتا فورسەتی زێڕینی لەبەردەمە کە ئەگەر لەو سووڕی سڕبوونەیدا هەستێتەوە و هۆشی بێتەوە سەر ، دوای ئەو مێژووەش هەموو لایەنەکان شمشێرەکانیان دەخەنەوە ناو کالانەکانیان و چەکەکان کپ دەکرين و باردەکرێن و کوردیش ئەگەر وەئاگا نێتەوە وەک جاری جاران بەدەستبەتاڵی لێیدەردەچێت !!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP