هەرێم نیوز
ئەحمەد شەرع ناسراو بە محەمەد جۆلانی بە فەرمی هەڕەشە لە هەسەدە دەکات و دەڵێت، ئەندامانی گروپی قەسەدە وازهێنانی خۆیان ڕابگەیەنن، دەشڵێت، تاکە چەکی شەرعی چەکی دەوڵەتە.
ئەحمەد شەرع لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس داوا دەکات، تەواوی ئەندامانی گرووپەکانی قەسەدە پەیوەندی بکەن بە ئیدارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەربازی سوریاو وازهێنانی خۆیان لە قەسەدە ڕابگەیەنن.
هاوکات لە پەیامەکەیدا دەڵێت بۆ پاراستنی سوریا و یەکپارچەیی و چەسپاندنی یاسا لە تەواوی وڵات ئەم بڕیارەمان داوە.
دەشڵێت، تاکە چەکی شەرعی چەکی دەوڵەتە.
بەڵام لای خۆیەوە، ئەنتۆنی بلینکن، ڕۆژی شەممە 14ی 12ی 2024 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەندەری عەقەبەی ئوردن ڕایگەیاند، ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە بەرەنگاربونەوەی نوێبونەوەی هێزەکانی داعش و هەروەها هێشتنەوەی ئەندامانی دیلکراوی داعـ.ـشی بە "گرنگ" ناوبرد و جەختی لەوەکردەوە، "بۆ ئەوەی داعـ.ـش نەتوانێت سود لە بارودۆخی ئێستای سوریا ببینێت، پێویستە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام بن ئەرکەكانیان".
پێشتر، ئەحمەد شەرع، فەرماندەی پرۆسە سەربازییەکانی سووریا لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی نوێی سوریا و دوبارە بنایتنانەوەی سوریا و حکومەتێکی نوێ رایگەیاند، شێوازی دەسەڵاتی سووریا بەجێدەهێڵن بۆ بڕیاری شارەزایان، یاساناسان و گەلی سووریا، حوکمڕانی داهاتووش هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت.
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنە و ئەنجوومەنی پسپۆڕ بۆ دووبارە نووسینەوەی دەستوور پێکدەهێنن و توانا و لێهاتوویش دەبێتە بناغەی هەڵسەنگاندن لە دەوڵەتی داهاتووی سووریا.
ئەوەشی خستەڕوو، "پەیوەندیمان لەگەڵ کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا هەیە و لەگەڵماندا لە ریزی کارگێریی پرۆسە سەربازییەکان شەڕیان کردووە."
فەرماندەی پرۆسە سەربازییەکانی سووریا باسی لەوەشکرد، جیاوازی لە نێوان کۆمەڵگەی کوردی و پەکەکە هەیە، وەزارەتی بەرگریی سووریاش هەموو گرووپە چەکدارەکانی نێو وڵاتەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و هیچ کەسێک لە دەرەوەی دەسەڵات هەڵگری چەک نابێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، چوارشەممە، 27-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد جۆلانی هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانیی، یەکشەممە، 08-12-2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا، بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا بەرەو رووسیا هەڵات.
هەروەها، لەگەڵ گەیشتنە دیمەشقی پایتەخت، حکومەتی کاتی پێکهێنرا و سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوریا لە مەراسیمێکدا بە سەرپەرشتیی ئەحمەد شەرع دەسەڵاتەکانی رادەستی محەمەد بەشیر کرد.