هەرێم نیوز
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ لە هەڵبژاردن هیچ پاساوێکی سیاسی، یاسایی و نیشتمانی هەڵناگرێت و جەختیش دەکاتەوە کە پارتی هەمیشە ئامادەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی 7ـی 2026، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ماکسیم ڕوبن، کۆنسوڵی گشتیی ڕووسیا، دیدگا و هەڵوێستەکانی حزبەکەی لەسەر هاوکێشە ناوخۆیی، عێراقی و هەرێمایەتییەکان خستە ڕوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەورامی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێز و لایەنانەی کورسییان لە پەرلەماندا هەیە و ڕێگرن یان ئامادە نین پەرلەمان کارا بێتەوە، بەرپرسیارێتیی یاسایی، سیاسی و مێژووییان دەکەوێتە ئەستۆ.
سەبارەت بە هەڵوێستی حزبەکەی، ناوپێبراو ڕایگەیاند: "وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە، لە گفتوگۆکانی نزیکەی ٢٠ مانگی ڕابردوودا بە نەرمی نواندن، ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی سیاسی، ئاڵوگۆڕی پەیام و ئەنجامدانی سەردانەکان ئەوەی لە ئەستۆمان بووە ئەنجاممان داوە؛ پێشتریش و ئێستاش ئامادەین بۆ بەشداری لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان."