دیدگای نەتانیاهۆ و باڵادەستی
لێدوانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ڕەنگدانەوەی خواستە درێژخایەنەکەیەتی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەوانەیە هێشتا پێویستمان بە تێگەیشتن بێت سەبارەت بەو ڕۆژهەڵاتە جیاوازەی ناتانیاهۆ خواستییەتی دروستی بکات، لەوانەیە کورد لە سوریاو عێراق و نالۆژیکیش نابێ بڵێم لە ئێرانیش بە ڕۆژهەڵاتی نوێی کوردی بزانن.
ناتانیاهۆ بەیاوەری وەزیری بەرگری کابینەکەی لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە بە دووربینێکی سەربازی تەماشای ئاسمانی سوریایی دەکرد و مەرگی ڕێککەوتنی 1974 ی ڕاگەیاند، ڕۆژێک دواتریش جەختی کردەوە کە شکستی ئێران لە سوریا دوای ٥٤ ساڵ لە دەسەڵات و سەرمایەگوزاری، سەرکەوتنی ستراتیژی ئیسرائیلە کە بریتییە لە کەمکردنەوەی کاریگەریی محوەرە دووژمنەکەی لە یەکێک لە شانۆ سەرەکییەکانی بەریەککەوتندا.
بەرزاییەکانی جۆلان کە خاکێکی مێژووییە وکێبڕکێی لەسەرە، ئێستا وەک شەنگستی ستراتیژی ئەمنی ئیسرائیل جێگیرکراوە، ئەمەش ئیدیعای نەتانیاهۆ بۆ گۆڕینی داینامیکی ناوچەکە بەهێزتر دەکات.
بەرزاییەکانی،جۆلان وەک سەرمایەیەکی ستراتیژی کە لە جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧دا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەردا گیرا و لە ساڵی ١٩٨١دا ئیسرائیل وەک خاکی خۆی لەقەڵەمی داوە، گرنگییەکی سەربازیی بێهاوتای هەیە.
دوای کەوتنی بەشار ئەسەد، لە دووسێ ڕۆژی ڕابردووەدا سوپای ئیسرائیل نزیک دیمەشق کەوتۆتەوە، گەڕاوەتەوە ئەو زەوییانەی کە بە گوێرەی پەیمانی ئاشتی ساڵی ١٩٧٤ جێی هێشتبوون و لە بەرزاییەکانی جۆلان جێگیر ببوو.
چۆن بە ڕووخانی شای ئیران، سەدام پەیماننامەی جەزائیری دڕاندو عێراق پەشیمان بۆوە لە پێدانی شتلعەرەب بە ئێران، ئیسرائیلیش پەشیمان بۆوە لە جێهێشتنی ئەوخاکانەی بە گوێرەی پەیمانی 1974 دابوونییەوە بە سوریای سەردەمی حافزئەسەد، کەواتە ئێسته ئیسرائیل و سوریا لە جەنگێکی کراوەدان.
ئەبێت تۆزێک لێرە لە پێناسەیەکی مەجازی بۆ زەمەن تێبگەین، ئەویش ئەوەیە، بە کۆتایی پەیمانی 1974 ئێستە لای ئیسڕائیل ناکۆکیەکە گەڕاوەتەوە ساڵانی هەشتاکان وئیسرائیل وەک براوەی جەنگ درێژە بە هێرشەکانی دەدات، تا ئەوکاتەی دەوڵەتی نوێی سونی لە سوریا لەگەڵ ئیسڕائیل ڕێککەوتنێکی نوێ دەکات.
دۆخی ئێستە ڕێگە دەدات بە ئۆپەراسیۆنی بێ سنوور لە سوریا لەژێر پەردەی دەستەبەرکردنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسڕائیل، ستراتیژێک کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ڕەوایەتی ڕێگە لێگرتنی نیە وسوریایش لە ئێستەدا نە لە نەتەوە یەکگرتوەکان نوێنەری چالاکی هەیە ونەسەروەریشی ماوە، هەرچەندە گریمانە دەکرێت (محەمەد جۆلانی) لەم ڕاستییە سیاسی و یاساییە ئاگادار کرابێتەوە، بۆیە دەیەوێت بە دەستێکی پێکهاتەیەکی نوێ بونیاد بنێت و بەدەستەکەی دیکەیشی توند دەست بە میراتی بەڕێوەبەرایەتی ئەسەدەوە بگرێت و ناوی بنێت ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات و سود لە بەرپرسانی پێشوو وەردەگرێت.
سوریا چۆتەوە، ناو جەنگێکی نوێ، جەنگێک کە به پاشەکشەی چوارچێوەی پەیماننامەی ساڵی 1974 ی دوای جەنگی یۆم کیپور دەست پێدەکاتەوە، ئیسڕائیل ناوچەیەکی نوێی پارێزراوی بونیاد نایەوە، لێدوانی نەتانیاهۆ ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کەئەم پەیماننامەیە بە ڕووخانی ئەسەد لە ئارادانەما.
پێشکەوتنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە، لوبنان و بەرەی دیکەیش لەلایەک و ڕووخانی حکومەتی سوریا وەک لایەنێکی ڕێکەوتنی 1974لەلاکەی ترەوە ڕێککەوتنەکەی پووچەڵ کردووەتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات تاکلایەنە مامەڵە بکات، خۆی وەک سەرکەوتووی بێ کێبڕکێی شەڕی ساڵی ١٩٧٣ دووپات بکاتەوە.
ناچارییە، ئەبێت لە نێوان دەوڵەتی سوننەی سوریاو دەوڵەتی ئیسڕائیل ڕێککەوتنێکی نوێ بێتە ئاراوە، کە ڕێککەوتنێک دەبێت چەکی ستراتیجی لە سوریا دەسەنێتەوە و کەمترین ئاستی سەربازی درێژخایەنی بۆ مسۆگەر دەکات.
مەرجێکی لەو شێوەیە بۆ ئیسرائیل زۆر گرنگ دەبێت بۆ دانوستان لەسەر هەر کشانەوەیەک لە نزیک دیمەشق و چونەوەی بۆ بەرزاییەکانی جولان و داننانی سوریا بە ئیسڕائیلی بوونی جۆلان بۆ هەمیشە.
ئیسرائیل بە کەڵک وەرگرتن لە ئاڵوگۆڕی مەزهەبی دەوڵەت و شکستی سوریا لە جەنگەکەیدا هەوڵدەدات دڵنیابێت لەوەی هیچ هەڕەشەیەکی داهاتوو لە دراوسێی باکووری وڵاتەکەیەوە سەرچاوە ناگرێت.
لە هەنگاوەکانی ڕۆژهەڵاتە نوێیەکەدا، ئیسرائیل لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکی نوێوە، لوبنانی لە ڕووی سیاسییەوە پارچەپارچە و لە ڕووی ئابوورییەوە بە پەککەوویی بەجێهێشتوو.
ئەم پێشهاتە وەک هۆشدارییەک بۆ سوریا و ئێران ڕۆڵی هەیە و جەخت لەسەر توانای ئیسرائیل دەکاتەوە بۆ بەکارهێنانی کارتەکانی و بێلایەنکردنی دەوڵەتە نەیارەکان بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی.
دەوڵەتی سوریایش وەک لوبنان بە ڕێککەوتنێکی نوێ دەبەستێتەوە، بە پێچەوانەشەوە لێدەدات تا ژێزخانە سەربازییەکەی لەگەڵ خاک یەکسانی دەکات و و ڕێگەی بونیاد نانەوەشی پێنادات، دۆخی یاسایی و واقعی مەیدانیش ڕێگە بە ئیسڕائیل دەدات.
ئەو ڕوخسار وناوەرۆکە نوێیەیی ناتانیاهۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی دەکات، نەهێشتنی خواستە ئەتۆمییەکانی ئێرانە. ئیسرائیل بە سوریا و لوبنانێکی بێ چەک دڵنیای دەدات لەوەی کە دراوسێیەکانی بۆی نابنەوە هەڕەشە.
پرسیاری کورد لە سیاسەتی ئیسرائیلدا
ستراتیژی نەتانیاهۆ هێندەی پەکخستنی یەکجاری پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران وبەستنەوەی سوریاو لوبنان و دواتر عێراق دەبێت بە پابەندکردنیان پەیماننامەی ئەوتۆ کە گرنتی ئاسایشی درێژخایەنی ئیسڕائیل بکات، هەرگیز ئیسڕائیل هیچ ستراتیژیەتێکی بۆ کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستان پێ نیە،
سیاسەتی (ڕیالیزمی هێرشبەر)ی ناتانیاهۆ گرنگی بە زۆرترین دەسەڵاتی دەوڵەتەکەی بۆ دەستەبەرکردنی باڵادەستی و ئاسایش لە ناوچەیەکی ناجێگیردا دەدات.
ڕێبازی ئیسرائیل خواستەکانی کورد پشتگوێ دەخات، لەبری ئەوە سەرنجی لەسەر بێلایەنکردنی هەڕەشەدەستبەجێیەکان و چەسپاندنی باڵادەستی ناوچەیی خۆیەتی.
کورد پێویستیەتی گوێ لەم واقیعە بگرن و خۆیان لە حیسابکردنی هەڵەی مەبەستەکانی ئیسرائیل بەدوور بگرن، دان بەوەدا بنێن کە هاوپەیمانییەکانی ئیسرائیل بە ڕەچاوکردنی پراگماتیک، نەک ئایدیۆلۆژی، بونیاد نراون.
بۆ کورد هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بە سەنتەری پەیوەندی لەگەڵ ئێران و عێراق و سوریا و تورکیا دەمێنێتەوە.
لە کاتێکدا ڕەنگە کردەوەکانی ئیسرائیل دەرفەتی کاتی پێشکەش بکەن، دەوڵەتە زیندان پەروەرەکانی شیعە و سوننە لاواز بکات، بەڵام پەیوەندی کورد لەگەڵ دراوسێیە مێژوییەکانمان وەک ئێران، تورکیا، سوریاو عێراق، بۆ مانەوەی کورد و خواستە درێژخایەنەکانی زۆر گرنگن.
لێکدانەوەی هەڵە بۆ ئامانجە ناوچەییەکانی ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە هۆی هەنگاوی هەڵەی ستراتیژی کە بە سازش لەسەر بەرژەوەندییەکانی کورد تەواوبێت .
بە پوختی
کردەوەکانی ئیسرائیل لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فراوانتر ستراتیژییەکی حیسابکراو بۆ دەستەبەرکردنی باڵادەستی خۆیی و بێدەسەڵاتکردنی نەیارەکانی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی درێژخایەنی خۆی دەبێت.
کورد دەرفەتی گەورەی بۆ دێتە پێشەوە لەم کەشەی بەریککەوتنەکە بەرهەمی دێنێ سەرمایەگوزاری بکات، و لە هەمانکاتدا وەک قەوارەیەکی ناوچەیی دەبێ بە وردی ئەم داینامیکیانە ئیدارە بکات، هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ لە پێشینەی کارەکانی خۆیدا بێت.