دواین هەواڵ

پارتی نوێ دەبێتەوە؟

‌تەنیا کوردی

23/06/2024

پارتی بە سەبەتەیەکی پڕ لە گلەیی کادیران و جەماوەرەکەی لە کۆڵان و گەڕەک و گوند و شارەکانەوە دەچێتە ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی، کە بەشێکی زۆری ئەم گلەیانە لەبەر زروفی سەختی سیاسی پارتی بووە کە لەم چەند ساڵەی رابردوو زۆرترین فشاری ناوخۆیی و عێراقی و ئیقلیمی و دەولی لەسەر پارتی ھەبووە، لەگەڵ فەرامۆشکردنی دڵسۆزان و بوارنەدانیان لە سەرکردایەتیکردنی شەقام، بۆیە لەدوای کۆنگرە ئەم ھەڵبژاردنەی ئۆرگانەکان کە بڕیارە ئەم حەفتەیە بکرێ، میلی کاتژمێر دەخاتە سەر تەوقیتی دوای کۆنگرە کە ئایا پارتی نوێدەبێتەوە؟ یانیش قۆناغی نوێبوونەوەی پارتی ماویەتی.

رەخنەکانی دڵسۆزان و جەماوەری پارتی لە پارتی، رەخنەی جیدیین، جیلی نوێ و ئافرەتان و دڵسۆزان دەیانەوێ ئیتر محەلیان لەم حزبەدا ھەبێ، لەگەڵ خەڵکانێکی خاوەن ئەزموون و لێھاتوو کە پێیان وایە دەتوانن لەنێو جەماوەردا سەرکردایەتی پارتی بکەن.

پارتی وەک حزبێکی ھیلاک ئەگەر چی لە بەرگریی و دەسکەوتدا پارتی دیارە کەچی کردووە، بەڵام لێرە بابەتەکە پێوەستە بە گۆڕانکاری پارتی لەنێو پارتی و سەرکردایەتیکردنی شەقام بە وزەیەکی نوێ، کە ئایا ئەم وزەیە نوێدەبێتەوە؟، نوێبوونەوە بەو مەرجەی کە ئەم ھێزەی دێتە پێشەوە سروشتیانە بێت، بەبێ دەستوەردانی ھەر ئۆرگانێکی تری حزب، پاڵپشتیکردن لە رێنمایییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکان لە دەرفەتی یەکسان و ھاتنەپێشەوە بۆ گەنجان و ئافرەتان و دڵسۆزان، لەتەک خاوەن ئەزموون و کادیرانی ماندوونەناس.

نوێبوونەوە و بوێری لە کارکردن، سڕینەوەی ئاسەواری موجامەلەو دەستخستنە سەر ھەڵەو کەموکورتییەکان و، ئەنجامدانی پڕۆژە کە وادەکات ھیلاکترین حزبی سەدە کە لە شاخ و شاردا زۆرترین زەبری سیاسی و عەسکەری و گەمارۆدانی لەسەربووە، بپەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ، قۆناغی فڕێدانی ترس لە ھاتنەپێشەوەی خوێنی تازە.

ئەم قۆناغەی دوای ھەڵبژاڕن باشترین دەرفەتە بۆ گۆڕینی فۆرمی پارتی، زیاتر دیموکراسی، قوڵتر بۆ نێو جەماوەر، زیاتر دۆستایەتی لەگەڵ ھێزە سیاسییەکان.

گۆڕینی فۆرمی گوتار و زیاتر کردار، گەڕانەوە بۆ قورسایی پارتایەتی و دەرچوون لە ھەندێ دروشم، ئەگەر پارتی بەم شێوەیە خۆی نوێ بکاتەوە، کاریگەری لەسەر ئەدای ھێزە سیاسییەکانی تریش دەبێ، چونکە نوێبوونەوەی ھەر حزبێک لەم قۆناغە بۆ وزەی ھەرێمی کوردستان پێویستە، کۆدەنگی ھەمووانیش بۆ پارێزگاری لە کوردستانێکی بەھێز و دیموکراسی گرینگە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP