لە قوڵایی ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل یان ڕۆژئاوادا، ململانێی دین و زانست هەیە. ئەم ململانێیە ئێجگار فرە توێژ و ئاڵۆزە. بەڵام بە کورتی هەوڵدەدەین ڕواڵەتە سەرەکییەکانی دەربخەین.
دراوی یەکەم، کاتێک یەکگرتوو لە کۆمەڵ دەنگی زۆرتر هێنا، سەلاحەدین کۆبونەوەی بە ئەندامە باڵاکانی حیزبەکەی کرد و ئەوەی پێ گوتن کە دەبێت خۆشحاڵ بن کە لە کۆمەڵیان بردوەتەوە.
دراوی دووەم، کاتێک ئاگر لە لوس ئەنجلس بەربوو، لە لایەن بانگخوازانەوە وەها لێکدرایەوە کە تۆڵەی خوداییە.
دراوی سێیەم، هیچ هێزێکی ئیسلامی سیاسی نیە، لە قاعیدەی سەردەمی جەنگی ساردەوە هەتا بەرەی نوسرە و جۆلانی پەیوەندی چڕی موخابەراتیی نەبێت.
پاشخان،
لە سەردەمی جەنگی سارددا، ناوەندە ئینتلیجینسیی و زانستییەکانی ڕۆژئاوا بۆیان دەرکەوت کە بۆ ئەوەی شەڕی ئایدەلۆژیا بکەیت، بە تایبەتی ئایدەلۆژیایەکی وەک کۆمیونیزم، پێویستت بە لە ئایدۆلۆژیا بەهێزتر هەیە. بۆیان دەرکەوت کە ئاین لە ئایدەلۆژیا بەهێزترە. بۆیە خێرا ڕەوتە ئیسلامیەکان لە دونیادا بوژێنرانەوە. بە پارەی کەنداو و زانیاری و زانستی ئەمریکی ئەم پرۆسەیە بەردەوام بوو. لە ئەنجامدا گورزی کوشندەی لە سۆڤیەت دا.
پاش جەنگی سارد، ناوەندە سیخوریی و زانستییەکان ئەوەندە زانیارییان بە دەستکەوت کە چۆن بتوانن ئەم ڕێکخراوانە بۆ ململانێی تر و ئامانجی تر بەکاربەرن. یەکێک لەوانە پەرتکردنی قوڵی کۆمەڵگاکان، شەڕی ناوخۆ، نەزیفی هێزەکان، لە سەروی هەمویەوە، وەستانی گەشەی کۆمەڵایەتی و فیکریی ئەم ناوچانە. یان بە زمانێکی تر ڕێگەگرتن بە گەیشتنی زانست بەو ناوچانە.
وەک دەبینین لە ئەنجامی زانست کۆمەڵگاکانی وەک ژاپۆن، کۆریا، چین، تەنانەت ئەندەنوسیا، کرانەوە بەرامبەر زانست و بە هەنگاوی گەورە بەرەو پێشەوەچوون. بەڵام ئەمە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوی نەدا.
لێرەدا دێینە سەر دراوی یەکەممان، بزاوتە ئیسلامییەکان، ئامانجی سەرەکییان ململانێی یەکترە. بەڵام ئەگەر ئەمە هەتا ئاستێک قبوڵکراوە، ئەوەی لێرەدا تایبەتە، بونی ڕق و ڕەفزکردنەکی ئەزەلییە لە نێوان ئەم گروپانەدا. وەک دەزانرێت کرۆکی مۆدێرنە، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی پێکەوەبون، لە شێوازی نەتەوە و هەروەها لە ڕێگای دەزگاکانی وەک پەرلەمان و لە سایەی سەروەر و حوکمی یاسادا. بەڵام هەموو ئەمانە لە کۆمەڵگاکانی ناوچەکەدا فەراهەم نابێت چونکە لە ڕێگای پەرتەوازەیی، دژایەتی و تەکفیرەوە ڕێگریی لێدەکرێت. بەم جۆرە سەقامگیریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و گەشە دروست نابێت. وەک دەزانین ئەگەر دەوڵەت و دەزگا و ئاسایش و ئابوری بەهێزنەبێت، زانست بەرهەم نایەت.
لێرەوە دێینە سەر دراوی دووەممان. کاتێک بە خەڵکی دەوترێت کە ئەوەی ڕودەدات تۆڵەی خوداییە، ئەوە خەڵک بیریان ناچێت بۆ هۆکاری تری وەک گۆڕانی ژینگە، بەرزبونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی، گۆڕانی ئاو هەوا. بۆ نمونە، ئێستا کە ئەمریکا داوای گرینلاند دەکات، چونکە بە هۆی گۆڕانی ژینگەوە، دەتوانرێت لە کیشوەری باکورەوە هاتوچۆ بکرێت، بەم جۆرە پەیوەندی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ڕێڕەوەی دەگۆڕێت. بە دوور خستنەوەی مرۆڤی ئەم ناوچەیە لەم گۆڕانکارییە گەورانە و بێئاگاکردنی، لە ئەنجامدا تێگەیشتن و ڕەفتارکردن لە دونیادا، سەردەمیانە نابێت.
ئێستا لە ناوچەکە ئیسرائیل پێشەنگی زانستە. لە دەوری ئیسرائیل کە جەنگە ئاینییە جۆراوجۆرەکان، وەک جەنگی تایفی، جەنگی ناوخۆی هێزەکان، جەنگی هەرێمایەتیەکان، کە وڵاتانی کەنداو بەڕێوەی دەبەن بۆ دژایەتی دیموکراسی، هەموو بە چڕی لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن و سۆماڵ و جێگاکانی تر لە ئارادان.
بۆیە خەونی مرۆڤێکی سوریی ئەوەیە کە تێر بە سکی خۆی نان بخوات، نەکوژرێت، ئیهانە نەکرێت، لە بڕی ژیریی دەستکرد، یان چپس، یان گۆرانی ژینگە، یان گۆرانی وزە، یان بونیادنانی دەزگا، یان زۆر یانی تر.
مرۆڤ دەتوانێت دیندار و زانستخوازیش بێت. بەڵام نەک لە سایەی ئەم بەرانەی کە ئاین بۆ بازرگانی تایبەت و ئیدارەی هێز لە دونیادا بەڕێوەدەبەن.
لە سەدە ناوەندەکانەوە پەیوەندییەکی ئاڵۆز هەیە لە نێوان دین و زانستدا. سەرەتا بە سوتانی زانسخوازان دەستی پێکرد وەک جێراردۆ برونۆ، پاشان سزادانیان وەک گالیلۆ.
بەڵام تایبەت بە ناوچەی ئێمە، لە تەنزیماتەوە دەست پێدەکات. لە سەردەمەوە سێ ڕەوت بونیان هەیە، یەکەم، دەڵێت لەبەرامبەر بەهێزبونی ڕۆژئاوادا، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پوختی ئاینەکەمان. دووەم، دەڵێت، دەبێت ئەوەی بۆمان بە سودە وەریبگرین و ئەوەی زیانی هەیە ڕێگەی لێبگرین، سێیەم دەڵێت دەبێت وەک ڕۆژئاوامان لێبێت. دەکرێت بوترێت ئەمڕۆش ئەم سێ ڕەوتە بونیان هەیە. بەڵام ئێستا بە هۆی گەشەی ناوەندە ئینتلیجینسیاکان و بەرژەوەندی نوخبەی دەسەڵاتدار لە ناوچەکە، ئاین وەک ئامراز بەکاردێت، نەک وەک بەهای کۆمەڵایەتی و ژیاریی.