دواین هەواڵ

جەهەپە نایەوێت پرسی چارەسەریی كورد بگاتە ئەنجام

‌كارزان گلی

9 کاتژمێر پێش ئێستا

دەوڵەت باخچەلی، بە هاوكاری رەجەب تەییب ئەردۆغان، پرسی چارەسەریی كوردیان بە كردار هێناوەتەوە بەرباس، رەنگە جارێ زوو بێت باس لە دڵسۆزی ئەو دوو سەركردەیە بكەین بۆ ئەو پرسە، بەڵام روونە جەهەپە، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، تا پێی بكرێت ئەو پرسە لەناو دەبات و نایەڵێت بگاتە ئەنجام.

ئەگەر، باخچەلی و ئەردۆغان، سەركەوتوو بن لەوەی پرسی چارەسەریی بگاتە ئەنجام و پەكەكە چەك دابنێت و ئۆجەلان ئازاد بكرێت و لە دەستووریی تازەدا كورد وەكوو نەتەوە دانی پێدا بنرێت، ئەمە زیانێكی گەورەیە بۆ جەهەپە، دەكرێت كردنەوەی دەرگای سەرۆكایەتیی كۆماریی توركیا بێت بۆ جاری سێیەم بەڕووی ئەردۆغاندا، چونكە دەنگی كوردەكان مسۆگەر دەكەن.

لێرەوەیە كە جەهەپە هەوڵی لەناوبردنی ئەو پرسە دەدات، چونكە ستراتیژیەتی جەهەپە و خودی ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی ئەو پارتە بۆ ئەوەیە، لە هەڵبژاردنی داهاتوو، دەنگی كورد مسۆگەر بكەن و بتوانن كورسی سەرۆكایەتیی لە ئەردۆغان وەربگرنەوە.

لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ٢٠٢٣، بینیمان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا، یەك ملیۆن و نیو دەنگدەری كورد پشتیان لە كەمال كلیچدارئۆغڵو كرد و دەنگیان بە ئەردۆغاندا، بۆیە ئەردۆغان بردییەوە، ئەمەش پەیامێك بوو، كە دەنگی كورد یەكلاكەرەوەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا. بۆیە جەهەپە، دەیەوێت پرسی چارەسەریی كورد، نەگاتە ئەنجام، تا بە كورد بڵێت دوو جارە هەڵتان دەخەڵەتێنن، چارەسەر تەنیا لای جەهەپەیە و بەئەگەرێكی زۆرەوە ئەگەر پرسی چارەسەریی نەكاتە ئەنجام، جەهەپە سەركەوتوو دەبێت لەوەی دەنگی كورد مسۆگەر بكات.

رەنگە ئەمە پاڵنەرێكی گرنگ بێت بۆ باخچەلی و ئەردۆغان، كە پرسی چارەسەریی كورد بگاتە ئەنجام، تا لەو رێگەیەوە، بردنەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی توركیا مسۆگەر بكەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP